مێسی و 3 یاریزانی دیكه‌ی پاریس تووشی كۆرۆنا بوون

لیۆنێل مێسی و سێ یاریزانی دیکەی یانه‌ی پاریس سانجێرمانی فه‌ره‌نسا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

پاریس سانجێرمان لە بەیاننامەیەکی فەرمی ناسنامەی ئەو یاریزانانەی ئاشکرا کرد کە ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە و هەریەکە لە لیۆنێل مێسی و خوان بێرنات و سێرجیۆ ریکۆ و ناتان پیتومازالا تووشی کۆرۆنا بوونە.

سانجێرمان هێمای بۆ ئەوەش کردووە ئێستا هەر چوار یاریزانەکە خۆیان کەرەنتین کردووە و تا چاک دەبنەوە پەیوەندی بە یانەکە ناکەنەوە.

هێما بۆ ئەوەش کراوە نێیمار هێشتا لە بەرازیلە و لە قۆناغی چاکبوونەوەیە لە پێکانەکەی و چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەی سێ هەفتە بگەڕێتەوە مەشقەکان.

ئێوارەی شەممە سانجێرمان یەکەمین یەکەی مەشق و راهێنانی لە ساڵی نوێ کرد دوای ئەوەی یاریزانەکان بەبۆنەی کریسمسەوە بۆ چەند رۆژێک پشوویان پێدرا.

بڕیاریشە سبەی دووشەممە لە جامی فەرەنسا پاریس سانجێرمان رووبەڕووی یانەی فانی رکابەر لە خولی پلەچوار ببنەوە.