لە ساڵێکدا 662 کەس لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

زیاتر لە 4 هەزار و 119 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراوە
رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگای رانیە - دوکان - ئەرشیف
رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگای رانیە - دوکان - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆ، لە ساڵی رابردوودا 4 هەزار و 119 رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، لە ئەنجامدا 662 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 220 کەسی دیکەش برینداربوونە.

عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، وتەبێژى گشتیی هاتووچۆی هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵی 2021ی خستەڕوو رایگەیاند: "لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 122 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، ئێستا لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 961 ئۆتۆمبێل هەزار هەیە، کە ئەمە بەراورد بە رووبەڕوو ژمارەی دانیشتووان زۆرە".

گوتیشی: "لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 70 هەزار مۆڵەتی شوفێری دراوە بە هاووڵاتییان، تائێستا بە گشتی زیاتر لە یەک ملیۆن و 900 هەزار مۆڵەت دراوە".

سەبارەت بە قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆ، گوتی: "لە ساڵی 2021 زیاتر لە 4 هەزار و 119 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراوە، لە ئەنجامدا 662 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 220 کەسی دیکەش برینداربوونە، بەراورد بە ساڵی 2020 ژمارەکە زیادیکردووە".

وتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند: "لەماوەی ساڵی رابردوودا یەک ملیۆن و 850 هەزار سەرپێچی لەلایەن شوفێرانەوە کراوە، داوا دەکەین شوفێران پابەندبن بە رێنماییەکانی هاتووچۆ، چونکە زیانمەندی یەکەم خۆیانن".

روونیشکردەوە: "هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، سەرەکیترینیان هەڵەی شوفێرانە وەک پێشکەوتنەوە، سوڕانەوە، گۆڕینی ساید، بەکارهێنانی مۆبایل، تیژڕەوی، هەروەها بەشێکی رووداوەکانیش بۆ خراپی و تاکسایدی رێگاوبانی دەرەوەی شارەکان دەگەڕێتەوە".