لە ساڵێکدا عەلوەی هاوچەرخی هەولێر 40 هەزار تۆن بەرهەمی خۆماڵی وەرگرتووە

"ساڵی رابردوو بەرهەمی کشتوکاڵی خۆماڵی بە فیڕۆ نەچوو"
عەلوەی هاوچەرخی هەولێر
عەلوەی هاوچەرخی هەولێر

K24 - هەولێر

لە هاوینی ساڵی 2021 لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، عەلوەی هاوچەرخی نوێ هەولێر بەشێوازێکی جیاواز و لە بەرژەوەندی جوتیاران بەرهەمی جوتیارانی وەرگرت و بە بازاڕی کرد، جوتیاران و بازرگانانی سەوزەو میوە دەڵێن، ساڵی رابردوو هیچ بەرهەمێکی کشتوکاڵی خۆماڵی بە فیڕۆ نەچووەو بە نرخێکی گونجاو لە جوتیارانیان وەرگیراوە.

بازاڕی بەرهەمە خۆماڵییەکانی جوتیاران ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو جیاواز بووە، ساغکردنەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر و پاڵپشتکردنیان وایکرد جوتیاران بۆ ئەمساڵ، باشتر گرنگی بە زەوییە کشتوکاڵییەکان بدەن.

وریا محەمەد، بازرگانی سەوزە و میوە لە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "ساڵی رابردوو بۆ جوتیار زۆر باش بوو، لە ساڵانی پێشووتر بەروبوومی جوتیاران بە بازاڕ نەدەکرا، ئەگەر ساغ نەبووبایەوە دەبوایە فڕێی بدەن یان بە نرخێکی وا نەدەفرۆشرا کە سوودی هەبێت".

گوتیشی: "لەگەڵ کردنەوەی عەلوەی هاوچەرخی هەولێر بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران زۆر باشبوو، سوودی زۆری هەبوو، هیچ بەرهەمێکیش بە فیڕۆ نەچوو، هەروەها نرخی بەرهەمەکان بەرز بوو، بە گشتی جوتیاران سوودمەند بوون".

لە مانگی حوزەیرانی 2021، بۆ یەکەمجار دەست بەوەرگرتنی بەرهەمی جوتیاران کراوە، لەو ماوەیەدا 40 هەزار تۆن کە %70ی بەرهەمی خۆماڵی بووە هاتووەتە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر، لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردووەوە 12 هەزار و 500 بارهەڵگر بەرهەمی 900 جوتیاریان هێناوەتە بازاڕەکە، جوتیاران لە وەرگرتن و بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان لە  لە ساڵی رابردوو رازین و دەخوازن لە داهاتووش بەو شێوازە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

دیار عەبدولخالق، یەکێکی دیکەیە لە بازرگانانی سەوزە و میوە، دەڵێ: "ساڵی رابردوو بەروبوومێکی باشی جوتیاران لە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر ساغکرایەوە و هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کرا، کە جوتیاران تا رادەیەکی باش لێی سوودمەند بوون".

لە ساڵی 2021، بە ئەمانجی ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە سەرمایەی نزیکەی 175 ملیۆن دۆلار داوەتە وەبەرهێنەران، بۆ داهاتووش پلانی فراوانکردنی سێکتەری کشتوکاڵ دانراوە.