پارتی و یەکێتی کارنامەیەک بۆ رێککەوتن ئامادە دەکەن

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: چوار لیژنەی گرنگ لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنراون
پارتی و یەکێتی
پارتی و یەکێتی

K24 - هەولێر

لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، چوار لیژنەی ھاوبەش لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنراون، تاوتوێی چەندین پرسی گرنگ دەكەن، بۆ ئامادەكردنی كارنامەیەكی ھاوبەش بۆ لێكتێگەیشتن و دواجار رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی.

لەتیف نێروەیی، بە کوردستان24ی راگەیاند: "چوار لیژنەی گرنگ لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنراون، لیژنەیەک بۆ گفتوگۆکردنە لە بەغدا کە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش ئەگەر پێکەوە بچنە بەغدا، لە گفتوگۆکان تیشک دەخرێتە سەر دوو بابەتی سەرەکی، یەکێکیان پشک و ئیستحاقی کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق دا، هەروەها کابینەی داهاتوو لەسەر چ بنەمایەک پێکدەهێنرێت، سیاسەت و تێروانینی بەرامبەر هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت؟ رۆڵی هەرێمی کوردستان لەو حکومەتە چی دەبێت؟. لیژنەی دووەم لیژنەی راگەیاندنە کە پێشتر هەندێک جار گرژیی کەوتووەتە نێوانمان، لە دوای کۆبوونەوەی شاندی مەکتەبی سیاسی هەردوولا تێگەیشتنی باش لەنێوانمان دروستبووە، بەڵام هێشتا هەندێک پەرلەمانتار و کادیری هەردوولا بەردەوامن لەسەر پەیامی زبر کە خزمەت بەم قۆناغە ناکات".

گوتیشی: "یەکێکی دیکە لەو لیژنانە بۆ رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتییە لەسەر هەندێک پرسی گرنگ لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان و بەغدا، لیژنەیەکی دیکەش پەیوەستە بە هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن".

ئاماژەی بەوەشدا: "دوای تەواو بوونی کاری لیژنەکان، کارنامەیەکی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ لێکتێگەیشتن دواجار رێککەوتن ئامادە دەکرێت".

ئەمڕۆ دوو لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لە هەولێر و سلێمانی بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و کارا کردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کۆدەبنەوە.