ژماره‌یه‌ك مووشه‌كی دیكه ئاراسته‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د كران

K24 – هه‌ولێر:
ژه‌ماره‌یه‌ك له كه‌ناڵ و سه‌رچاوه نزیكه‌كانی گرووپ و میلیشیا شیعه‌كان بڵاویانكرده‌وه، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك مووشه‌كی دیكه ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د كراون.
به گوێره‌ی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی گرووپه شیعه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه، 12 مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه سه‌ربازییه‌كه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا كراون.
له‌و باره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسی ئه‌منی بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، له هێرشه‌كه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆدا ته‌نیا 5 مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه سه‌ربازییه‌كه كراون.
دوای هێرشه‌كه، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، كاتژمێر 6:45ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 5 مووشه‌ك له لایه‌ن میلیشیا له یاسا ده‌رچووه‌كانه‌وه ئاراسته‌ی بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د كراون و ئه‌و مووشه‌كانه له دووری نزیكه‌ی 2 كیلۆمه‌تر له بنكه‌كه كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه.
ئه‌م هێرشه دوای ئه‌وه دێت، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له گوندی خه‌زرا، له باكووری سووریا و سنووری ناوچه‌ی مه‌یادین، هه‌شت مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش كران.
هاوپه‌یمانییه‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌و هێرشه له لایه‌ن ئه‌و گرووپه چه‌كدارییه شیعانه‌وه ده‌كرێته سه‌ر بنه‌كانیان، كه ئێران پشتیوانیان ده‌كات.
ئه‌و هێرشانه له دوای ئه‌و یادكردنه‌وه فراوانه‌ی شیعه‌كان دێت، بۆ دووه‌م ساڵی كوژرانی هه‌ریه‌ك له فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی، جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی و جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، كه به هۆیه‌وه ده‌وامی فه‌رمی له عێراق په‌كخرا.