مەترسیدارترین رێگاکان لە جیهاندا
K24 - هەولێر:
ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن کەس دەبنە قوربانی رووداوەکانی هاتوچۆ، بۆیە ناسینەوەی رێگا مەترسیدارەکان و پەیڕەوکردنی یاساکانی هاتوچۆ، لە مەترسیەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ دوورت دەخەنەوە.
لە بابەتێکی ماڵپەڕی "لبنان٢٤"، ئاماژە بە چەند رێگایەک دراوە کە بە مەترسیدارترین رێگاکان دادەنرێن لە جیهاندا، ئەوانیش:
- رێڕەوی شوسی لە فەرەنسا
درێژیەکەی تەنها 3.2 کیلۆمەترە، بەڵام 17 (لۆفە) نۆرەی تیژی مەترسیداری هەیە، هەروەها لە کاتی لێخوڕیندا شۆفێران رووبەڕووی بەربەستێکی کۆنکرێتی بچووک دەبنەوە و سەرەڕای جوانی سروشت لەم رێڕەوەدا، بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگاکانی جیهان دادەنرێن کە دەکەوێتە ناوچەی رۆنێ ئەلپ لە باشوری رۆژهەڵاتی فەڕەنسا بە بەرزی 1532 مەتر لە ئاستی دەریاوە.
- رێگای کارناڵی خێرا لە نیپاڵ
رێگای کارنالی خێرا درێژیەکەی 250 کیلۆمەترە و نزیکی شاخی هیمالایای رۆژئاوای نیپاڵە و ساڵانە نزیکەی 50 کەس لەم رێگایە گیان لەدەست دەدەن.
- رێگای رۆدیڤا دا مۆرتی لە بەڕازیل
ناوی رێگای مردنی خێرای لێنراوە، دووەم درێژترین رێگایە لە وڵاتەکەدا، گەورەترین مەترسی ئەم رێگایە قیرە شکاوەکە نیە، بەڵکو بەهۆی ناجێگیربوونی کەشوهەوا و لێژاییە زۆرەکانیەوەیەتی، لەبەرئەوەی بە هەندێ لە ناوچە هەژارنشینەکانیشدا تێدەپەڕیت، شۆفێرانی ئەم رێگایە دەکەونە ژێر هەڕەشەی چەتە و رێگرەکانەوە.
- رێگای خێرای سیشوان – تبت لە چین
ئەم ڕێگایە درێژیەکەی 2140 کیلۆمەترە و تبت و چین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەردەوام هەڕەشەی دارووخان و تلۆربوونەوەی بەرد و قوڕ و بەفری هەیە، هەوەها ژمارەیەکی زۆری لۆفەی تێدایە کە زۆربەی کات رووداوەکانی هاتوچۆ تێیاندا روودەدەن.
H.H