زانیاری نوێ له‌سه‌ر پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با ده‌خرێته‌ڕوو

وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی پێوه‌ری زیره‌كه‌وه‌ رێژه‌ی سووتان و ئۆڤه‌رلۆد 80% كه‌مكردووه‌ته‌وه‌
به‌ستانی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با
به‌ستانی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، پڕۆژه‌ی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با 79% كاره‌كانی ته‌واو بووه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌هۆی پێوه‌ری زیره‌كه‌وه‌ رێژه‌ی سووتان و ئۆڤه‌رلۆد 80% كه‌مكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، تەنیا لەناو سەنتەری شاری سلێمانی، لە ساڵی 2018  زیاتر لە 50 فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە، سەرە محاویلە 100 بووە. لەساڵی 2021 بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ 10 سەرەمحاویلە و 10 فیدەری ئۆڤەرلۆد و سووتانی تەنیا محاویلەیەک کەمبووەتەوە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با

 پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا یەكێك لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمی كوردستانه‌ و رۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە.

تا ئێستا  79%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا، لەوانە سووتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆدبوونی فیدەرەکان کەمبکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدیبهێنێت.

پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، ناڕازی بوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد.

کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە.

بەلاڕێدابردنی رای گشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو راستییەیە، کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکی ئەم پێوەرە لە کەرتی کارەبادا لەپاڵ بەشەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن چییە.

پێوەری زیرەک لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، کە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا نیوەی خواست لەسەر کارەبا پڕ دەکاتەوە، رۆڵێکی گرنگی لە نەهێشتنی بە فیڕۆدانی کارەبا و پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە لە تێکچوون و سوتان و سەرپیچی گێڕاوە.

تەنیا لەناو سەنتەری شاری سلێمانی، لە ساڵی 2018  زیاتر لە 50 فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە، سەرە محاویلە 100 بووە. لەساڵی 2021 بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ 10 سەرەمحاویلە و 10 فیدەری ئۆڤەرلۆد و سووتانی تەنیا محاویلەیەک کەمبووەتەوە.

پێوەری زیرەک ئاستی بەکارهێنانی کارەبای کۆنترۆڵ کردووە، بۆ ئەوەی کە هەر هاوبەشێکی کارەبا بە پێی مافی خۆی کارەبا وەربگرێت و هیچ هاوبەشێکی کارەبا بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر، مافی گشتی و دراوسێکانی پێشێل نەکات. بە نەبوونی پێوەری زیرەک، دۆخی کارەبا بەهۆی لە ئاستی پێویستدا نەبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی خواست و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و زۆربوونی سەرپێچی، زۆر خراپ دەبوو.

تەواوی تایبەتمەندییەکانی پێوەری زیرەک بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵی کارەبا، ئەو کاتە سوودەکانی بەدەر دەکەوێت، کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاستی پێویستدا بێت.

وەزارەتی کارەبا لەگەڵ ئەوەی تەواوی هەوڵی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات، لە هەوڵی بەرزکردنەوە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان دایە بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبا و ناساندنیان بە بەشە جیاوازەکانی کارەبا و ئەرکەکانی هەر یەک لەم بەشانە. لە ئەگەری هەر جۆرە زیان گەیاندنێکیش بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا، سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەیەنێت و رێکاری یاساییش بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.