راگەیه‌ندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

"ھێرشکردنە سەر بارەگای پارتی و لایەنەکانی دیکە بەکارێکی تێکدەرانە دەزانین و پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی بکەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە"
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی، (14 كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2022) له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، ھێرشکردنە سەر بارەگای پارتیمان و بارەگای لایەنەکانی دیکە بەکارێکی تێکدەرانە دەزانین و ئیدانەیان دەکەین و پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی بکەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا هاتووه‌: پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی بکەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە و بەگوێرەی یاسا سزا بدرێن، ھەروەھا پاراستنی بارەگا و کادیرانی حزبمان و لایەنە سیاسیەکانی دیکەشیان لەئەستۆ دایە و پێویستە بیانپارێزن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

دووبارە رەفتاری ناڕەوا و دوور لە ئەخلاقی سیاسی و پێکەوەژیان و دژ بە یاسا بەرامبەر بارەگای پارتیمان لە بەغدا و چەند لایەنێکی سیاسی دیکە ئەنجامدرا و ھێرش کرایە سەریان. ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێرشکردنە سەر بارەگای پارتیمان و بارەگای لایەنەکانی دیکە بەکارێکی تێکدەرانە دەزانین و ئیدانەیان دەکەین، بە ئەنجامدەران و خاوەنی ئەم جۆرە کردەوانەش دەڵێین، ئەو ئسلوب و رەفتارانەتان رێگای چارەسەری کێشەکان نین بەڵکو بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن.

پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی بکەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە و بەگوێرەی یاسا سزا بدرێن، ھەروەھا پاراستنی بارەگا و کادیرانی حزبمان و لایەنە سیاسیەکانی دیکەشیان لەئەستۆ دایە و پێویستە بیانپارێزن.

 

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

14ـی کانوونی دووەمی 2022