میلیشیاکان دانیشتووانی بەغدا نیگەران دەکەن

له‌ دوو هه‌فته‌دا میلیشیاكان زیاتر له‌ 10هێرشیان كردووه‌
بەغدا - ئەرشیف
بەغدا - ئەرشیف

K24 - بەغدا

لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 10 جار بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی راوێژکارانی بیانی و ناوەندە دیبلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

هێرشەکان بە مووشەکی کاتێوش ئەنجام دەدرێن، لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە، زۆرجاریش لەو هێرشانەدا هاووڵاتی سیڤیل دەبنە قوربانی. هەرچەندە رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمەریکا، بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان لە عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام میلیشیاکان بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنانە. هاوكات نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشە مووشەکیەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی عێراق دەزانێت. 

لە روواڵەتدا هێزی دەوڵەت لە شەقامەکانی بەغدایە و ئەمنییەتی پایتەختی عێراقیان بەدەستە، بەڵام دۆخەکە بەشێوەیەکی دیکەیە، لەنێو خەڵکیدا قسەو باس لەسەر هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکانە لە ئاسایشی عێراق، دانیشتووانی بەغدا تەواو لە دۆخەکە نیگەرانن.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدا بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: "لە راستیدا هەر هاووڵاتییەکی عێراقی و بەغدا کە لێ بپرسی لە چیت کەمە یەکەم شت پێت دەڵێت، ئاسایش و ئارامی، چونکە پێشووتر ئاسایش هەبوو، ئێستا بەداخەوە دەڵێم هیچ ئاسایش لە پایتەخت نەماوە، هێزە شەڕکەرە بیانییەکان کشانەوە بڕیاری عێراقیان جێبەجێ کرد، بەڵام بۆچی دەکرێن ئامانج ئێمەش نازانین؟".

میلیشیاکان لە بەغدا باڵادەستتن، هەر بۆیە لەگەڵ کێدا قسە دەکەی لە دۆخەکە تەواو نیگەرانە، بەڵام خەڵکی بە کەمی دەوێرن قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەن.

سەعەد عێراقی، شاعیرێکی دانیشتووی بەغدایە ئەو دەڵێ: "تێکچوونی دۆخی ئەمنییە لە خۆڕا نەبوو، کاتێک چەکدارەکانی دەرەوەی حکومەت بەهێزکران ئەمە ئەنجامەکەیەتی، ئێستا تۆ نازانی ئەم هەموو چەکدارە سەر بەکێیە و کێ خاوەنیانە، وڵات چۆن وا بەڕێوە دەبرێت ئەم میلیشیانە چین، پێویستە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەت بێت".

لە بەغدای پایتەخت، چەندین هێزی سەربازیی جۆراوجۆر هەن کە سەر بە دەوڵەتن، بەڵام هێشتا بارودۆخی ئەمنی و سیاسی ناجێگیرە و دانیشتووانەکەی ناڕازین.