پەیکەرتاشێک لە رێگەی پەیکەرەکانییەوە مێژووی کورد دەگێڕێتەوە

داب و نەریتی كوردەواری بە گەشتیاران ئاشنا دەکات
پەیکەرێکی پەیکەرتاش عوسمان رەحمانزادە
پەیکەرێکی پەیکەرتاش عوسمان رەحمانزادە

K24 - هەولێر

پەیكەرتاشێكی رۆژھەڵاتی كوردستان مۆزەخانەیەكی لە شاری بۆكان درووستكردووە، لەو مۆزەخانەیەدا لە رێگەی پەیكەری دروستكراو لە دارو بەرد مێژووی كوردەواری نمایش كراوە، ھەموو پەیكەرەكان چیرۆكێكیان لەپشتە و بەنیشاندانی داب و نەریتی كوردەواری گەشتیارێكی زۆری بۆ لای خۆی راكێشاوە.

مۆزەخانەیەکی جیاواز و ھەمیشەییە، لە پەیكەری دارو بەرد مێژوویی كۆنی كوردەواری نیشان دەدات. عوسمان رەحمانزادە ساڵانێكە سەرقاڵی دروستكردنی ئەو پەیكەرانەیە، لە ھەر سوچێكی پێشانگاكەیدا چیرۆكێكی كۆنی كوردەواری ھەیە، ھاوكات پەیكەرەكانی داب و نەریتی كۆنی كوردەواریش دەگێڕنەوە.

ئەو پەیکەرتاشە کوردە، بەھۆی ھۆگری بە پەیكەرەكان و گێڕانەوەی مێژوویی نەتەوەیەك، بەو پەیكەرانە بە باوكە ژێپوتۆی كوردستان ناسراوە.

عوسمان رەحمانزادە، لە 1956 لە گوندی حەمامیانی بۆكان لە دایكبووە، ئێستا دانیشتووی ئاوای ناچیتەو لە تەمەنی 10 ساڵییەوە خەریكی پەیكەرتاشییە. ئەو دەڵێ، ئەو پەیكەرە بچووكانە كە لە دارو بەرد دروستكراون، مێژووی نەتەوەیەك بۆ نەوەی ئێستا باس دەكەن، ھەر بۆیە شانازی بە كارەكەیەوە دەكات.

لە مۆزەخانەکەی ئەو پەیكەرتاشەدا جگە لە نیشاندانی داب و نەریتی كوردەواری، ھاوكات پەیكەری كەسایەتییە ئەدەبی و سیاسییەكانی كوردیشی تێدایە، بەوردەكارییەوە ژیانی كۆنی كوردەواری نیشان دەدات، تەنانەت فۆلكلۆری كوردەواریش بە پەیكەرانە دەگێڕێتەوەو ئافرەتانیش رۆڵێكی گرنگیان لەو مێژووەدا ھەیە، كە عوسمان رەحیمی لە رێگەی پەیکەرەکانییەوە دەیانگێڕێتەوە.