ژمارەیەک منداڵ تووشی ئۆمیکرۆن بوون

داوا لە دایک و باوکان دەکرێت منداڵەکانیان بپارێزن
نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان لە دهۆک
نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان لە دهۆک

K24 - دهۆک

لە پارێزگای دهۆک ژمارەی تووشبووان بە گۆڕاوی ئۆمیکڕۆن روو لە هەڵکشانە، لە دوایین ئاماریشدا ژمارەیەک منداڵ لەو پارێزگایە تووشی ئۆمیکرۆن بوون. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی منداڵانیش لە دهۆک رایدەگەیەنێت، تەندروستی منداڵە تووشبووەکان بە ئۆمیکڕۆن باشە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەام بێت و هاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی نەبن، ئەوا ئامارەکان مەترسیدارتر دەبن.

د. نزار بەکر، بەڕێوەبەری هێڤی منداڵانیش لە دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا نەخۆشخانەکەمان پڕ بووە لەو منداڵانە نەخۆشبوون، بەڵام هەموو تووشبووەکان هەڵگری ئۆمیکرۆن نین، چونکە ئێستا جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسیش بڵاوبووەتەوە".

گوتیشی: "رەوشی ئەو منداڵانەی هەڵگری ئۆمیکرۆنن بە گشتی باشە، زۆر کەمن ئەوانەی لە بەشی چاودێری چڕ خەوێنراون".

د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان ڕێژەی تووشبوونی منداڵان بە ئۆمیکرۆن لە زۆربەی وڵاتان زیادیکردووە، ترسی ئەوەمان هەیە لێرەش بگەینە ئەو قۆناغە، بۆیە داوا لە دایک و باوکان دەکەین، ئاگاداری منداڵەکانیان بن و رێکارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر".

لە 6/1/2022، تووشبوونی 5 کەسی ئەندامی خێزانێک لە دهۆک بە گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا (ئۆمیکرۆن) راگەیەندرا، دوو رۆژ لەمەوبەریش دوو حاڵەتی دیکە هەر لە پاریزگای دهۆک کە منداڵن تووشبوونیان بە ئۆمیکرۆن پشتڕاست کرایەوە.