بەڕێوەبەرایەتیەکی پەروەردە سبەی کردە پشوو

بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بەفربارینەوە
قەزای مێرگەسۆر
قەزای مێرگەسۆر

K24 - هەولێر:

بەهۆی کەش و هەوای سارد و ئەو بەفرە زۆرەی لە سنوری قەزای مێرگەسۆر باریوە، دەوامی بەشێک لە فەرمانبەرانی ئەو قەزایە راگیرا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەش سبەی کردە پشوو. 

ئەحمەد موحەمەد، بەڕێوبەری پەروەردەی مێرگەسۆر رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بەفر بارینەوە سبەینی 17ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022 پشووە.

لەلایەکی دیکەوە لە راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر ئاماژە بەوە دراوە، دەوامی فەرمی تەنها بۆ فەرمانبەرانی ناوەندی قەزاو ناوەندی ناحیەکان هەیە، بۆ سەلامەتی گیانی فەرمانبەران، فەرمانبەرانی دەرەوەی ناوەندی قەزا و ناحیەکان سنوری کارگێڕی قەزای مێرگەسۆر ئەمڕۆ لە دەوامی فەرمیان ئامادە نابن.

ئەمڕۆ 16ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022، لە مێرگەسۆر بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروستبووە و پێشبینی دەکرێت بەفربارین بەردەوام بێت.

ئەمین حەمەد، بەرپرسی کەرتی دووی ئاوەدانکردنەوە کە سەرپەرشتی تیمەکانی بەفر راماڵین دەکات بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر بەردەوامین لە بەفر راماڵین و زیاتر کار لەسەر رێگا سەرەکیەکانی سنوورەکە دەکەین، تا ئێستا نزیکەی 40 سانتیمەتر بەفر باریووە، هۆشداریشی دایە ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەبڵ ئەکسل نییە، کە نەیەنە دەرەوە.

بە درێژایی شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەبێ وەستان تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر لە کەرتی دووی پاراستن و چاکردنەوەی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر خەریکی ڕاماڵینی بەفر بوون لە ڕێگا سەرەکیەکانی ناوەندی قەزای مێرگەسۆر و ڕێگای شێروان گوندەکانی لێڕێ و سێلکێ و ناحیەی پیران.