10 هه‌زار منداڵ له رێگه‌ی ئه‌وروپا بێ سه‌روشوێن ده‌بن
K24 – هه‌ولێر
كۆچكردن بۆ ئه‌وروپا بۆ به‌شێك له په‌نابه‌ران، زیانی قه‌ره‌بوونه‌كراوی له ده‌ستدانی خێزانه‌كانیان به‌دوای خۆیدا هێناوه، كه له پێناو ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ خۆی و منداڵه‌كانیان، ئه‌و رێگه‌یان هه‌ڵبژاردبوو. به‌ڵام له نیوه‌ی رێگه‌كه‌دا تووشی زیانێكی چاوه‌ڕوانكراو بوون و خه‌ونه‌كانیان له‌ناو ده‌ریادا نقوومبوو.
نزیكه‌ی 10 هه‌زار منداڵی په‌ناخوازان له رێگه‌ی چوون بۆ ئه‌وروپا بێ سه‌روشوێن بوونه یان به‌جێماون، كه هه‌ندێكیان له ده‌ریای ئیجه خنكاون. زۆربه‌ی هه‌ر زۆری ئه‌و 10 هه‌زار منداڵه له ئاوه تاریكه‌كانی ده‌ریای ئیجه له نێوان توركیا و دوورگه‌ی لێسبۆسی یۆنان بێ سه‌روشوێن بوونه.
رۆژنامه‌ی جۆراسلم پۆست باس له ژیانی غولام حه‌یده‌ر ده‌كات كه به‌یاوه‌ری خێزانه‌كه‌ی سواری به‌له‌مێكی بچووكی داری ببوو كه 50 كه‌سی هه‌ڵگرتبوو و به‌هۆی بای توند و شه‌پۆلی ده‌ریاوه نقومبوو و حه‌یده‌ر توانی منداڵه حه‌وت ساڵه‌كه‌ی به‌ناوی شازاد رزگار بكات، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دیكه خنكاون. بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ له توركیا به‌دوای خێزانه‌كه‌ی (شیلا) و كچه‌كه هه‌شت ساڵه‌كه‌ی (زه‌هرا) و كوڕه دوو ساڵه‌كه‌ی ( به‌هزاد) گه‌ڕاوه.
ئه‌و په‌نابه‌ره ئه‌فغانییه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به پاسه‌وانی ده‌ریا، ئیداره‌ی كۆچبه‌ران، گرووپه خێرخوازییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و به‌رپرسانی هه‌ردوو حكوومه‌تی توركیا و یۆنان كردووه، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی به‌ده‌ست نه‌هێناوه.
وێنه‌ی هه‌ردوو كچه‌كه و زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر په‌یجێكی فه‌یسبووك بڵاو كردۆته‌وه، كه تایبه‌ته به وێنه‌ی ئه‌وانه‌ی كه له‌كاتی كۆچ بۆ ئه‌وروپا بێ سه‌روشوێن بوونه.
به‌شێك له منداڵانی بێ سه‌روشوێن پێشبینی ده‌كرێت له یۆنان بن، كه یه‌كه‌م وێستگه‌ی گه‌یشتنی په‌نابه‌رانه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.
به پڕبوونی كه‌مپ و خێوه‌تگه‌كانی په‌نابه‌ران له یۆنان، به‌رپرسی لیكۆڵینه‌وه له زانكۆی پۆستموس پێی وایه به سه‌دان منداڵی په‌نابه‌ران له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن كه ئامانجێكی ئاسانن بۆ به‌كارهێنانی خراپ. كۆمسیۆنی ئه‌وروپا، به‌رپرسایه‌تی چاره‌نووسی منداڵانی به‌جێماوی په‌نابه‌ران ده‌خاته ئه‌ستۆی وڵاتانی ئه‌وروپا.