گه‌نده‌ڵییه‌ك به‌ قه‌باره‌ی 20 ملیار دۆلار له‌ بەندەری فاو ئاشكرا ده‌بێت

بەندەری فاو
بەندەری فاو

K24 - هەولێر

پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کە خاڵی سفری لە بەندەری فاو دەستپێ دەکات، دۆسیەیەکی ئاشکرابوونی گەندەڵی بە قەبارەی 20 ملیار دۆلار لەسەر دەکرێتەوە. پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی نووسراوێک لیژنەیەکی 13 کەسی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکەن.

بەندەری فاو، ئەو بەندەرەی کە بە خاڵی دەسپێکی ڕێگەی گەشەپێدان لە عێراق دادەنرێت و، لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمکاری تورکیا و شاندەکەی بۆ عێراق لەم چەند رۆژەی دواییدا، هەریەک لە عێراق-تورکیا-ئیمارات- قەتەر، رێککەوتنی پەرەپێدانی ڕێگەکەیان واژۆکرد؛ دۆسیەیەکی گەندەڵی بە قەبارەی 20 ملیار دۆلار لەسەر دەکرێتەوە.

بە گوێرەی نووسراوێکی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی 12 کەسی پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی کە قەبارەکەی 20 ملیار دۆلارە و، چەند لایەنێک و کەسایەتییەکی سیاسی لە عێراق لە پڕۆژەی بەهەدەردانی سامانی گشتی پڕۆژەکە تێوەگلاون.

عالیە نوسەیف، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی جێبەجێ نەکردن و درەنگ کەوتنی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە عێراق سامانێکی زۆری لەدەستداوە.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە بەهۆی بوونی قەبارەیەکی گەورەی گەندەڵی پڕۆژەی بەندەری فاو لە ڕابردوودا بەرژەوەندیی نیشتمانی لەدەستداوە و بودجەیەکی زۆر لە پڕۆژەکەدا بەهەدەر دراوە.

لەلایەکی دیکە سالم عەباس، پسپۆڕی کاروباری ئابووری عێراق ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری تەواو نەکردنی پڕۆژەی بەندەری فاو دەگەڕێتەوە بۆ بوونی گەندەڵی بەربڵاو لە پڕۆژەکە و، لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە پڕۆژەکە. ئاماژە بەوەش دەکات، دەستوەردانی سیاسی هەیە بۆ دواخستنی تەواوکردنی هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، وەزارەتەکان و لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بەرپرسیارن لە ئاستەنگکردنی کارەکانی بەندەری فاو لە ماوەی ساڵانی رابردوودا.

لەساڵی 2010 بەردی بناغەی فراوانکردنی بەندەری فاو داندرا دواتر پڕۆژەکە بۆ رێگەی گەشەپێدان فراوانتر کراو، بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا. لە سەردەمی حکوومەتی مستەفا کازمی 500 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکە خەرج کرا ، بەڵام دوای 14 ساڵ لەدانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە تاوەکو ئێستا ئاستەنگ دەکرێت و، جگە لە دۆسیەی گەندەڵی، بەشێوەی جیاواز پڕۆژەکە ئاستەنگ دەکرێت.