وەزیری سامانە سرووشتییەکان بۆ کوردستان24: هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستیپێکردەوە

بەهۆی تەقینەوەی بۆری نەوتەوە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرابوو
کەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان
کەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

کەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، هەناردەکرندنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهانی تورکیا ئاسایی بووەتەوە، لەدوای نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتی کوردستان بەهۆی گڕگرتنی.

شەوی رابردوو بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان له‌ شارۆچكه‌ی پازارجکی سەر پارێزگای مه‌ڕه‌ش لە باکووری کوردستان، لەسەر رێگای نێوان هەردوو پارێزگای مه‌ڕه‌ش و دیلۆک تەقیوەتەوە و بەهۆی تەقینەوەی بۆریە نەوتەکەش ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بۆ ماوەیەکیش رێگاکە داخرا.

شوێنی رووداوەکە - فۆتۆ: aa
شوێنی رووداوەکە - فۆتۆ: aa

عومه‌ر فاروق جۆشكون، پارێزگاری مه‌ڕه‌ش، بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندووە: "رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە"

کۆمپانیای (بۆتاش) کە سەرپەرشتی گواستنەوەی نەوتی خاوی کوردستان و کەرکووک بۆ بەندەری جیهان دەکات، بە کوردستان24ی راگەیاند هۆکاری تەقینەوەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دیارنییە و راشیگەیاندووە کە تیمەکانین بە زووری کاریان بۆ چاککردنەوەی بۆڕییە تەقیوەکە کردووە.