ئانچیلۆتی به‌شێك له‌ یاریزانه‌ كاریگه‌ره‌كانی له‌ده‌ست دا

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفرانس له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی شێریف. 27 سێپتێمبه‌ری 2021
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفرانس له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی شێریف. 27 سێپتێمبه‌ری 2021

ریال مەدرید دوای بەدەستهێنانی ناسناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، ئەمجارەیان سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ لە قۆناخی شازدەی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی ئێلچێ دەبێتەوە.

شاهانەکان لە دوو یاری رابردوویان لە جامی سوپەری ئیسپانیا، بەرامبەر بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو بردنەوەیان بەدەستهێنا و بۆ جاری دوازدەهەم لە مێژوودا ناسناوەکەیان بەدەستهێناوە، ئەو یانەیە ئەمجارەیان لە هەوڵی ئەوەدایە ناسناوی جامی شای ئیسپانیاش بەدەست بێنێت.

کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری شاهانەکان پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایگەیاند تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزی یانەکەی کێشەی هەیە و بۆ ئەم یارییە بەردەست نابێت، هەروەها بێجگە لەم یاریزانە، چەند یاریزانێکی دیکەی شاهانەکان بەشداری یارییەکە ناکەن.

كارلۆ ئانچیلۆتی له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی:'' کۆرتوا کێشەیەکی بچووکی هەیە و بۆ یارییەکە ئامادە نابێت، بێنزێما، ئاسێنسیۆ، ملیتاو، کارڤاخال و ڤایێخۆ بۆ ئەم یارییە بەردەست نابن. هازارد و گاریس بەیل دوو یاریزانی کاریگەر دەبن بۆ ئێمە، هیوادارم لە قۆناخی دووەم بتوانن کاریگەرییەکەیان بسەلمێنن و زیاتر هاوکاری ئێمە بکەن، هازارد یاریزانی ئێمەیە و ناتوانم لەمە زیاتر هیچ قسەیەکی دیکەی لەسەر بکەم''.

ریال مەدرید قۆناخی رابردووی جامی شای ئیسپانیا بە ئەستەم توانی بردنەوە بەدەست بێنێت، کاتێک بووە میوانی دیپۆرتیڤۆ ئالکۆیانۆی پلەسێ، بۆیە ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکە دەیەوێت بۆ ئەم یارییە بە پێکهاتەیەکی توکمە بەشداری یاری ئەم قۆناخە بکات.

هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئێلچێ لە جامی شای ئیسپانیا هەرگیز یارییان لەگەڵ یەکتری نەکردووە، بەڵام ئەو دوو یانەیە پێشتر لە لالیگا حەوتجار یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە و لەم حەوت یارییە شاهانەکان شەش یاری بردووەتەوە و لەم حەوت یارییە مەدریدیەکان 17 گۆڵیان کردووە و تەنها پێنج گۆڵیان لێکراوە.