ته‌قینه‌وه‌یه‌ك شاری قامشلۆی هه‌ژاند
K24- هه‌ولێر:
به‌ر له چه‌ند خوله‌كێكێك ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له خاڵێكی پشكنینی ئاسایش له شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان بیسترا.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، ته‌قینه‌وه‌كه له‌ڕێگه‌ی بۆمبی ده‌ستییه‌وه ئه‌نجامدراوه و خاڵێكی پشكنینی هێزه‌كانی ئاسایشی رۆژئاوای له گه‌ڕه‌كی حلكۆی ئه‌و شاره كردووه‌ته ئامانج.
به‌پێی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، ته‌قینه‌وه‌كه هیچ زیانێكی گیانیی نه‌بووه و تا ئێستاش هیچ زانیاریه‌یك له‌باره‌ی لایه‌نی به‌رپرس له ئه‌نجامدانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه رانه‌گه‌یه‌ندراوه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له شه‌وی پێنجشه‌ممه‌وه، دوای هێرشێكی به‌رفراوانی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران له شاری حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان، دۆخێكی ئاڵۆز هاتووه‌ته ئاراوه و تا ئێستاش شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" و چه‌كدارانی داعش له ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌كه و گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌رده‌وامه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، له‌و هێرشه‌دا سه‌دان چه‌كداری زیندانیكراوی داعش له گرتووخانه‌كه رایانكردووه و به‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌و شاره‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه و هاووڵاتییان وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كارده‌هێنن.
له به‌رامبه‌ریشدا هه‌سه‌ده به پشتیوانی هێزه ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش، له پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای زیندانییه راكردووه‌كان به‌رده‌وامن و تا ئێستا له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندا ده‌یان شه‌ڕڤانی هه‌سه‌ده و هاووڵاتی سڤیل گیانیان له‌ده‌ستداوه و ده‌یان چه‌كداری داعش‌یش كوژراون و تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ش گرژییه‌كان به‌رده‌وامن و ترس و نیگه‌رانی له‌ناو خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان بڵاوبووه‌ته‌وه.