"بارسێلۆنا دوای مێسی سه‌رده‌مێكی كاره‌ساتبار تێپه‌ڕ ده‌كات"

شەش مانگ بەسەر رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە بارسێلۆنا تێپەڕ دەبێت و یانە کەتەلۆنییەکە دوای لیۆ جگە لە ئەنجامەکانی تەنانەت قەیرانی دارایی قوڵتر بووە، بارسا دوای لیۆ لە خولەکانی نێوخۆی و ئەوروپا بە دۆخێکی پڕ کارەسات تێپەڕ دەبێت.

شەش مانگ بەسەر رۆیشتنی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تانگۆ و خاوەنی حەوت ناسناوی بالۆن دۆر لە بارسێلۆنا تێپەڕ دەبێت و یانە کەتەلۆنییەکە لە ماوەی ئەو شەش مانگە بە خراپترین دۆخ لەسەر ئاتی نێوخۆیی و ئەوروپی تێپەڕی، بارسا بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانی گرێبەستی لیۆ نوێ بکاتەوە و ئەستێرە ئارجێنتینیەکە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی نزیک لە بارسێلۆنا لە راپۆرتێکیدا یادی تێپەڕینی شەش مانگ بەسەر رۆیشتنی لیۆ دەکاتەوە و پێیوایە لەوکاتەوە تا ئێستا بلاوگرانا یانەیەکی بێ ناسنامەیە.

بارسێلۆنا دۆخی خراپە و لە نەبوونی مێسی تا ئێشتا لە خانەی پێنجەمی لالیگایە و تا ئەم ساتە نەگەیشتووەتە خانەی گەیشتن بە چامیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

سپۆرت نیگەرانە لە ئەنجامە خراپەکانی بارسێلۆنا لەدوای رۆیشتنی لیۆ و ئاماژەی بەوە کردووە یانە کەتەلۆنییەکە دوای 20 ساڵ بۆ یەکەمجار لە قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ ماڵئاوایی کرد و لەو قۆناغەشدا تەنیا دوو گۆڵی کرد.

ئەنجامێکی دیکەی خراپی بارسا دۆڕانی بوو بەرامبەر ریال مەدرید لە کلاسیکۆی سوپەری ئیسپانیا و لە قۆناغی پێش کۆتایی لە جامی سوپەر کرد، دواتریش لە قۆناغی شازدەی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو دۆڕا و بۆ یەکەمجار دوای 12 ساڵ لەم قۆناغە دەرکرا و کارەساتێکی دیکە رووی لە بارسا کرد.

بارسا لەم وەرزە لەسەرجەم خول و پاڵەوانییەتیەکان کە 30 یاریی کردووە تەنیا 12 بردنەوەی بەدەستهێناوە، ئەمەش ئامارێکی دیکەی هەرە خراپی بارسایە لەم وەرزە.

رۆژنامەی سپۆرت لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی بارسا دوای رۆیشتنی مێسی قەیرانی دارایی قوڵتر بووە و تا ئێستا هیچ سپۆنسەرێکی نوێی نەدۆزیوەتەوە، جگە لە دابەزینی رێژەی فرۆشی درێسەکانی و کەمبوونەوەی ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگاکەی و لە یارییەکانی بارسێلۆنا.