ئایفۆن 13 کێشەی تێدەکەوێت
K24 - هەولێر:
بەشێک لە بەکارهێنەرانی ئایفۆن 13 ئاماژەیان بەوەدا، کە شاشەی مۆبایلەکانیان لەکاتی بەکارهێناندا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی پەمەیی بووە، ئەمەش وای کردووە نەتوانن کار بە مۆبایلەکەیان بکەن.
یەکێک لە بەکارهێنەرانی ئایفۆن 13، لە مانگی تشرینی دووەمی 2021، وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا رەنگی شاشەی مۆبایلەکەی بۆ پەمەیی گۆڕدرا بوو و لەگەڵیدا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لەکار دەکەوت.
سەرەڕای گۆڕینی مۆبایلەکە بە یەکێکی نوێ، ئەمجارە دووبارە روویدایەوە و زۆرێک لە بەکارهێنەرەکانی ئەو مۆبایلە لە چین، ئاماژەیان بەوەدا شاشەی مۆبایلەکانیان رەنگی بۆ پەمەیی گۆڕدراوە و تا نەیکوژێننەوە و هەڵی نەکەنەوە چاک نابێت.
کۆمپانیای ئەپڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی چینی Weibo"" رایگەیاند، تەنها هەڵەیەکی تەکنیکیە و لە راپۆرتەکاندا کە بەکارهێنەرانی مۆبایلەکە ناردوویانە، هیچ کێشە و کەموکوڕیەك دەرنەکەوتووە.
ئەپڵ هۆشداریشی دایە بەکارهێنەرانی مۆبایلەکە، کە داتاکانیان لە شوێنێکی دیکە هەڵبگرن و وەشانی نوێی IOS لەسەر مۆبایەلەکانیان جێگیر بکەن.