زانیاری لەبارەی جۆر و کوالیتی بەنزین لە بەنزینخانەکان دەخرێتەڕوو

"دوو جۆر بەنزین بە 690 دینار دەفرۆشرێت و جۆرێکیان لە پشکنین دەرناچێت"
بەنزین
بەنزین

K24 - هەولێر

بەرپرسی نموونەی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەولێر، زانیاری لەبارەی کوالیتی بەنزین لە وێستگەکان دەخاتەڕوو رایدەگەیەنێت، دوو جۆر بەنزین لیتری بە 690 دینار دەفرۆشرێت، یەکێکیان لە پشکنین دەرناچێت و لەلایەن حکومەتەوە رێگە پێنەدراوە، ئەو بەنزینخانانەی ئەو جۆرە بەنزینە دەفرۆشن سزا دەدرێن.

ئازاد حەمەدەمین، بەرپرسی نموونەی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەنزینی کوالیتی باش و خراپ هەیە، ئێمە بەردەوام نموونە وەردەگرین، بە رۆژ و مانگ کوالیتی جیاوازی هەیە، لە نمونەکانی ئێمە دەردەکەوێت کە بەنزینی خراپیش هەیە و رۆژانە سزادانی پێبژاردن و داخستنی بەنزینخانەکان لە هەولێر هەیە".

سەبارەت بە کوالیتی ئەو بەنزینەی نرخی لیترێکی 690 دینارە، گوتی: "ئەو بەنزینەی کە حکومەت سەرپەرشتی دەکات و لە هەندێک بەنزینخانە لیتری بە 690 دەفرۆشرێت کوالیتی باشە، بەڵام لە هەندێک شوێن بە هەمان نرخ دەفرۆشرێت و کوالیتی خراپە و رێگە پێنەدراوە لەلایەن حکومەت، چونکە ماددەی خراپی تێدایە، رۆژانە نموونە وەردەگرین ئەو بەنزینە لە نموونە باش دەرناچێت و ئەو بەنزینخانانە سزا دەدرێن و دادەخرێن".

بەرپرسی نمونەی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد: "تەنها لەناو شاری هەولێر 300 بەنزینخانە هەیە، رۆژانە تیمەکەمان سەردانی بەزینخانەکان دەکات و نمونە وەردەگرین و بۆ پشکنین دەیدەنەوە تاقیگە".

راشیگەیاند: "بەنزینخانەکان لەسەر هەر سەرپێچی و پابەند نەبوونێک هەندێک جار 250 هەزار تا 500 هەزار، هەندێکجاریش سزای پێبژاردنیان دەگاتە یەک ملیۆن و نیو، بەڵام بە بڕوای من پێویستە یاسا و سزاکە توندتر بکرێت و لەسەر هەندێک سەرپێچی و پابەند نەبوون بەنزینخانەکان بە یەکجاری دابخرێن نەک پێبژاردن و داخستنی کاتی".

دەربارەی خراپی ئەو مادانەی لەناو بەنزینە خراپەکان هەیە، ئازاد حەمەدەمین، ئەوەی خستەڕوو: "تائێستا لە هەندێک بەنزینخانە بەنزین هەیە مادەی ژەهراوی تێدایە، نەفتا لەگەڵ مادەی کیمیایی تێکەڵ دەکرێت و دەخرێتە بازاڕەوە".

بۆ رێگریکردن لەو جۆرە بەنزینە پێشنیازیکرد: "پێویستە سەرچاوەی هاتنی ئەو جۆرە بەنزینە ئاشکرا بکرێت، چونکە ئەو بەنزینەی لە پاڵاوگەکانی کوردستان بەرهیەم دەهێنرێت چاودێری دەکرێت و کوالیتی باشە".

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، لە ماوەی ساڵێکدا لیژنەکانی چاودێریکردنی بەنزینخانەکان لە هەولێر هەزار و 798 جار سەردانی بەنزینخانەکانیان کردووە و 402 وێستگەیان سزاداوە، هاوکات سەردانی 197 وێستگەی ناوچە شاخاوییەکانیان کردووە و 154 وێستگەیان سزا داوە.