ئەردۆغان داوا لە هاووڵاتییانی تورکیا دەکات قەرز لە بانکەکان وەربگرن

رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بۆ مانگی رابردوو بۆ %36 بەرزبووەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی نرخی سوود لە تورکیا دابەزێندرا، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی وڵاتەکە هانی هاووڵاتییانی دەدات، قەرز لە بانکەکانی سەر بە دەوڵەت وەربگرن و هاوکار بن لە بەهێزکردنی سیاسەتی ئابووری وڵات.

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، وەرگرتنی قەرز سوودی بۆ پاراستنی ئابووری تورکیا هەیە، کە ماوەیەکە گیرۆدەی قەیرانی هەڵگەڕانەوەی نرخەکان بووە.

گوتیشی، حکومەت رێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر تاوەکو بارگرانی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان کەمبکاتەوە، بە تایبەت کە رێژەی هەڵاوسان بۆ مانگی رابردوو بۆ %36 بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە بە هۆی پشتیوانی ئەردۆغان، بانکی ناوەندی تورکیا بە چەند هەنگاوێک نرخی سوودی دابەزاند، بەهۆیەوە بەهای لیرە لە مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین و لە ئەنجامدا رێژەی هەڵاوسان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەوە، کە لە دوو دەیەی رابردوودا لە وڵاتەکە هاوشێوەی نەبووە.