چین بۆ ئه‌مه‌ریكا: هێمن بن

"باس لە مەترسییەکانی سەر ئاسایش و ئابووری جیهان کراوە"
هێزه‌كانی رووسیا
هێزه‌كانی رووسیا

K24- هه‌ولێر:

چین بە ئەمەریکای راگه‌یاند، داواكارین سەرجەم وڵاتانی پاڵپشت لە ئۆکرانیادا هێمن بن و خۆیان لە زیادکردنی گرژییەکان بە دووربگرن، هاوکات ئەمەریکا جەختی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان کردەوە و هۆشداریدا لەسەر مەترسییەکانی سەر ئاسایش و ئابووری رووسیا ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لەرێگه‌ی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە،  سەبارەت بە ئۆکرانیا قسەیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاند، وانگ بە بلینکنی راگه‌یاند، داوا لەسەرجەم وڵاتانی پاڵپشت له‌ ئۆكرانیا دەکەین بە هێمنی بمێننەوە و خۆیان بە دووربگرن لە ئەنجامدانی کارێک ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و خراپترکردنی قەیرانەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا  راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، بلینکن به‌ چین وانگ یی راگه‌یاندووه‌، کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگەی دیبلۆماسی شێوازێکی بەرپرسیارانەن بۆ بەرەوپێشەوەچوونی دۆسییه‌ی ئۆكرانیا.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌،  له‌ گفتوگۆی نێوان هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و چین، باس لە مەترسییەکانی سەر ئاسایش و ئابووری جیهان کراوە کە بەهۆی ئاماده‌كاری رووسیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئۆکرانیا دروست دەبن.

ماوەی چەند مانگێکە رووسیا هەزاران سەربازیی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە چەک و هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بکشێنێتەوە و رێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ.

ئەمەریکا و ناتۆ داواکارییەكه‌ی رووسیا رەتدەکەنەوە، دەڵێن ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی دیکەی وەک قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەک و رێوشوێنەکان بۆ بونیادنانی متمانە لەنێوانیاندا.

سه‌رچاوه‌:رۆیتەرز