بڵند عه‌بدوڵڵا: كاری هه‌ندێك میدیای كوردی هاندانی تاكه‌ بۆ دژایه‌تیكردنی وڵات

"به‌شێك له‌ میدیای كوردی وای لە تاکی کۆمەڵگه‌ کردووە، پیرۆزییه‌كانی لا ناشیرین بێت و ناڕه‌واش به‌ په‌سه‌ند بزانێت و دژایه‌تی ئاڵا و خاكی وڵاته‌كه‌ی بكات".. داوایان لێ ده‌كات كار بۆ نیشاندانی دیوه‌ راستییه‌كه‌ بكه‌ن
بڵند عه‌بدوڵڵا، هونه‌رمه‌ندی كورد
بڵند عه‌بدوڵڵا، هونه‌رمه‌ندی كورد

K24- هه‌ولێر:

دوای سه‌ردانێكی بۆ كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بڵند عه‌بدوڵڵا، هونه‌رمه‌ندی كورد سه‌رنجه‌كانی له‌باره‌ی میدیای كوردی و ناوه‌ڕۆكه‌كانیان ده‌خاته‌ڕوو و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، زۆرێك له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌ گه‌نجان ئاراسته‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كورده‌ له‌ پۆستێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی فه‌یسبووك باسی ئه‌وه‌شی كردوووه‌، ناوه‌ڕۆكی زۆرێك له‌ میدیا كوردییه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ هاووڵاتییان هان ده‌ده‌ن، كه‌ "وای لە تاکی کۆمەڵگه‌ کردووە، کە بە تەواوەتی رەشبین بێت و تەنها لایەنە نەرێنیەکان ببینێت و هەمیشە گلەیی و جنێودان و لاوازبوونی هەستی نەتەوایەتی و ئینتیمای  بو خاك و مانا و پیرۆزی  ئاڵا و گرنگیی پاراستنی خاك له‌لای نەمینێت، هەروەها سیمای شار و سروشتە جوان و رازاوەکەی خۆی لە لا ناشیرین بێت و وتەی جوانی لە لا ببێتە درۆ و راستگۆیی ببێتە نه‌فامی و کار و رەفتارە ناشیرنەکان دەبنە جێگای دەستخۆشی، بە بێ ئەوەی هەست بە دیوەکەی دیكه‌ی بکەن، کە پێچەوانەکەیەتی".

هه‌روه‌ها داواش له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌كات، "سیاسەتی کارکردنیان بگۆڕن بۆ ئه‌وه‌ی کار و پیشەیان لە خزمەتی نەتەوەکەیان بێت و رووداوە ناشیاو و قێزەوەنەکان و جەرگبڕەکان و ناخۆشەکان نەخەنە سەر باس و شاشەی تیڤیەکان، بەڵکو باس لە هزر و فکری جوان بکەن.. باس لە ژیانی گەنجێکی داهێنەر بکەن و بیکەن بە نموونە بۆ گەنجانی دیكه‌.. باس لە جوانی ژیان بکەن.. باسی فەلسەفەی ژیانێکی ئاسودە بکەن".

ناوه‌ڕۆكی پۆسته‌كه‌ی هه‌نه‌رمه‌ند بڵند عه‌بدوڵڵا:

تۆ بڵێی چیمەنی ماڵی دراوسێکەمان سەوز تر بێت لە هی خۆمان؟

هاورێیان، دوای سەردانم بۆ کوردستان، گەڕامەوە بۆ سوید و هەندێك هزر و فکر هات بە مێشکمدا و حەز دەکەم لەگەڵ ئێوەی ئازیزانم بەش بکەم لە سەر بارودۆخی کوردوستانی خۆم و هونیشتیمانیانی بۆ ئێوە دەخەمەڕوو...

سەرنجی یەکەمم لە سەر سۆشیال میدیا و دەزگا فەرمییەکانی راگەیاندن کە بەڕاستی رۆڵێکی نەرێنیان پێوە دیاربوو لەچاو راستییەکان کە هەن. بە شێوەیەکی سیستەماتیکی تەنها دیوە نەرێنی و ناخۆش و هەواڵی دەرون روخێنەر و دڵەڕاوکێ بڵاودەکەنەوە.. ئایا هیچ هەواڵی دڵخۆشکەر نیە کە نیشان بدەن؟ تکایە سیاسەتی کارکردنتان بگۆڕن با کار و پیشەتان لە خزمەتی نەتەوەکەتان بێت و رووداوە ناشیاو و قێزەوەنەکان و جەرگبڕەکان و ناخؤشەکان مەخەنە سەر باس و شاشەی تیڤیەکان، بەڵکو باس لە هزر و فکری جوان بکەن.. باس لە  ژیانی گەنجێکی داهێنەر بکەن و بیکەن بە نموونە بۆ گەنجانی دیكه‌.. باس لە جوانی ژیان بکەن.. باسی فەلسەفەی ژیانێکی ئاسودە بکەن... هتد.

ئەو دیاردانە وای لە تاکی کۆمەڵگه‌ کردووە، کە بە تەواوەتی رەشبین بێت و تەنها لایەنە نەرێنیەکان ببینێت و هەمیشە گلەیی و جنێودان و لاوازبوونی هەستی نەتەوایەتی و ئینتیمای  بو خاك و مانا و پیرۆزی  ئاڵا و گرنگیی پاراستنی خاك له‌لای نەمینێت، هەروەها سیمای شار و سروشتە جوان و رازاوەکەی خۆی لە لا ناشیرین بێت و وتەی جوانی لە لا ببێتە درۆ و راستگۆیی ببێتە نه‌فامی و کار و رەفتارە ناشیرنەکان دەبنە جێگای دەستخۆشی، بە بێ ئەوەی هەست بە دیوەکەی دیكه‌ی بکەن، کە پێچەوانەکەیەتی...

هاورێیان... ئەم دیاردە نەرێنییانە زەنگی مەترسیدارن و دروستکەری دەستی خۆمانن، دەبێت هەتا زووە بیانکەین بە دیاردەی ئەرێنی.. هەر تاکێك بەپرسە لەخۆی و لە دابینکردنی ئایندەیەکی روون و گەش بۆ خۆی. ناکرێ ئێمە پشت ببەستنین بە کەسانی دیكه‌، جا هەر کێ بێت!!! لێم تێ بگەن...هەموو گەند و کەوتنێك تەنها گوناهی کەسی سەروی خۆتەوە نیە...!!

لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان هەژاری هەیە... تاوانی قێزەوەن هەیە.. هەروەها زۆر لە وڵاتانی جیهان بە دەست کێشەی گەورە  گەورەوه‌ دەناڵێنن، کە تاکی کورد هەر پێی نازانێت، تەنیا وا دەزانن کە کێشە و کەمووکوڕی هەر لە هەرێمەکەی ئەواندا هەیە... بەڵام خەڵکی وڵاتانی تر ناوماڵی خۆیان تێك نادەن و لە کۆتاییدا کێشەکان چارەسەر دەکەن، بێ ئەوەی لە سۆشیالمێدیاکانیان باسی خۆیان بە نەرێنی بکەن!

هاورێیان سەردانی 32 وڵاتی جیهانم کردووە، شوێنێکم نەدی هاوشێوەی هەرێمەکەی خۆمان جوان و رازاوە بێت بە سیفەتەکانی سروشتەکەی.. بەڵام بە داخەوە جوگرافیەکەی کەوتووه‌تە ناوچەیەك، کە دراوسێیەکانمان دوژمنی ئێمەن و هەرگیز نایانەوێ ئێمە بە ئارامی و بە بێ ئاژاوە بژین.

هاورێیان نیشتیمانێکمان هەیە دەوڵەمەندترین نیشتیمانە لە سامان و سەروەتی ژێر خاك و سەر خاك. کەشوهەوایەکی لەبار. چوار وەرزی ساڵی هەیە، هەر وەرزێك جوانی و تام و چێژی خۆی هەیە. خاکێکی بە پیت و بەرەکەت، هەموو جۆرە روەکێك بەرهەم دێنێ لە جۆرەها میوە، گیا و سەوزەواتی خۆراك و سوودبەخش. سروشتێکی رەنگاوڕەنگ پڕ لە گوڵ و گوڵزار. شاخی سەرکەش و دۆڵی قووڵ، دەشتی پڕ لە دانەوێڵە، گوڵ و گوڵزار، تاڤگە و کانیاوی سازگار و دەریاچە... شار و شارۆچکە و باڵەخانه‌ی جوان. هەر هەمووی ئەمنیەت و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان هەیە، زۆر شتی تر کە کەم وڵات هەیانه‌، ئەم هەموور رەوش و ناونیشانانەی تێدابێت... لەگەڵ ئەوەشدا بە تەواوی ئازادی ئایینی هەیە، کە ئەمەش لە زۆر شوێنی دونیا کەم و دەگمەنە... لە دونیادا هیچ وڵاتێك و حوکمڕانیەك نیە بێ کەموکوڕی و بە دڵی هەمو کەسێك بێت. من باش ئاگاداری کەموکوڕیەکانی وڵاتەکەی خۆمم، بۆ ئەوەی نەڵێن کەسێکی بێ ئاگایە... نەخێر ئاگام لە هەموو شتێکە، بەڵام دەبێ ئێمە بە ویژدانەوە قسە بکەین و راستیەکان پەردەپۆش نەکەین.

لە وڵاتی سوید خەڵکەکە هەزاران گلەییان لە دەسەڵات هەیە و هەر کەسێك بە شێوازێکی شارستانیانە ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێ، بەڵام لەهەمان کاتدا وڵاتەکەی خۆیان وەك گلێنەی چاوی خۆیان خۆش دەوێت و ئامادەن بە رۆح بیپارێز..

خۆشەویستانم، دەبێ ئێمە وڵاتی خۆمان خۆش بوێت.. ئەوەندە نەیشکێنین و ناشرین و بچووکی نەکەین. بەڵکو دەبێ زۆر بە بەرزی و بە پاکی رایبگرین و بیپارێزین و ئینتیما بۆ نیشتیمان بەهێز بکەینەوە... ئەگینا منداڵێکی بێگانە زۆر بە ئاسانی پێمان دەوێرێت و سوکایەتیمان پێ دەکات..

لە کۆتایدا تکایە دیاردەی جنێودان و سوکایەتی کردن بەیەکتری بنبڕ بکەین و ناسنامەی نیشتیمانی بەهێز بکەن، بۆ ئەوەی نەوەکانتان لە ئایندەدا شانازی بە ئاڵا و نیشتیمان و ناسنامەی خۆیان بکەن و ئۆبالی دیاردە نەرێنیەکان مەخەنە ئەستۆی کەس تەنها خۆت... خۆت چاکی بکە و پشت بە کەس مەبەستە و چاوڕێی هەوڵ و هێزی هیچ کەسێك مەبە، تەنها بە ئیرادەیەکی بەهێزی خۆت دەست و بازی لێ هەڵکه‌، بە ئامانجی چاکسازی و پاكسازی و سەرکەوتن تێبکۆشە....

خۆشەویستی و حورمەتی بێ پایانم هەیە بۆتان و هەر بۆچون و تێڕوانینێکتان هەیە لەسەر نووسینەکەم تەواو ئازادانە بینووسە، بەڵام بیرت نەچێ با بەڕێزەوە بێت.

براتان:

بڵند عه‌بدوڵڵا

سوید - ستۆکهۆلم