سەدر بەبێ ئەنجام بەغدای جێهێشت

کۆبووەنەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی شیعە نەکرد
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر

K24 - هەولێر

هەرچەندە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، دەیەوێت بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، بەشداری لە حکومەتی نوێدا بکەن، بەڵام لایەنەکانی نێو چوارچێوەکە، جەخت لەسەر یەکگرتوویی دەکەنەوە و رەتیدەکەنەوە هیچ لایەنێک پەراوێز بخرێت، بۆیە بەبێ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی دیکەی شیعە، سەدر بەغدای بەجێهێشت و گەڕایەوە نەجەف.

بڕیاربوو دوێنێ سەدر لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە بەغدا، پرسی بەشداریکردنی چوارچێوەکە لە حکومەت یەکلا بکاتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا و سەردانەکەی سەدر بێ ئەنجام بوو.

جاسم محەمەد جەعفەر، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد "جۆرێک لە نیگەرانی لەلای موقتەدا سەدر دروستبووە، لە بەشداری پێنەکردنی لایەنەکانی دیکەی شیعە و پەنابردنە بەر زۆرینە، لە پێکهێنانی حکومەت، نایەوێت ببێتە هۆکاری پەرتەوازەبوونی نێو ماڵی شیعە، بۆیە مەبەستییەتی هەرچۆنێک بێت، بەشێک لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لە حکومەتدا بەشداربن".

جارێکی دیکەش، چوارچێوەی هەماهەنگی، جەخت لەسەر نیازی بەشداریکردن لە حکومەت دەکاتەوە، بەڵام بەبێ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێکی نێو چوارچێوەکە، لەمبارەیەوە، عارف حەمامی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە سەربە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە رایگەیاند، دەیانەوێت بە یەکگرتوویی بەشداری لە حکومەتدا بکەن، بەڵام چاوەڕێی هەڵوێستی رەوتی سەدر دەکەن، ئەگەر ئەمەش نەکرا دەبنە ئۆپۆزسیۆن.

 هاوکات بەپێویستی زانی، ماڵی شیعە رێکبخرێتەوە و خاوەنی یەک گوتاری یەکگرتووبێت، لەبەرامبەر ئەوانەی دەیانەوێت لاوازی بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە کۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدرا، رۆژی دووشەممەی داهاتوو، ناوی ئەو کاندیدانە ئاشکرا بکات، کە مەرجەکانی خۆکاندیدکردنییان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق تێدایە، هەروەها رۆژی 7/1/2022 بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری کرد.