دهۆك.. به‌هۆی گۆڕینی ره‌گه‌زه‌كه‌ی له‌لایه‌ن براكه‌یه‌وه كوژرا
K24- دهۆك:
له رووداوێكی ده‌گمه‌ندا، ئه‌مڕۆ پۆلیسی پارێزگای دهۆك له رووداوێكی كوشتن ئاگادار كراوه‌ته‌وه، كه گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵ له‌لایه‌ن براكه‌یه‌وه له سنووری ئه‌و پارێزگایه كوژراوه و دوای دوو رۆژ له ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه، به تاوانه‌كه زانراوه.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، هێمن سلێمان، گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك راگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ نووسینگه‌ی پۆلیسی تاوانی كوشتنی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان له رووداوێكی كوشتن له ئاقاری گوندی (بابوخكێ) ئاگاداركراوه‌ته‌وه و دوای هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر توانییان ته‌رمی كوژراوه‌كه بدۆزنه‌وه.
سه‌باره‌ت به چیرۆكی كوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌ی كوژراوه، هێمن سلێمان گوتی، ئه‌و گه‌نجه ناوی (د.أ)ـه و ته‌مه‌نی 23ـه ساڵه و كاری مه‌یك ئاپی ده‌كرد و كه‌سێكی زۆر ناسراوی شاری دهۆك بووه و دوای ئه‌وه‌ی براكه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ر له دوو رۆژ براكه‌ی كوشتووه، پاشان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات رایكردووه.
گوتیشی، بكوژه‌كه ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندیی به برایێكی دیكه‌یه‌وه كردووه و پێی گوتووه، كه براكه‌ی كوشتووه و ناونیشانی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌شی بۆی ئاشكرا كردووه، دواتر ئه‌و برایه‌ی له دهۆك نیشته‌جێیه، هێزه‌كانی پۆلیسی له تاوانه‌كه ئاگاداركردووه‌ته‌وه.
گوته‌بێژی پۆلیسی دهۆك ئاشكراشیكرد، ماوه‌یه‌كه ئه‌و گه‌نجه‌ی كوژراوه له شوققه‌یه‌ك دوور له خێزان و خانه‌واده‌كه‌ی به ته‌نیا ده‌ژیت.
سه‌باره‌ت به هۆكاری كوشتنه‌كه‌ش گوتی: لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ستیان پێكردووه و هه‌رچه‌ند له‌ناو خه‌ڵك ده‌نگۆیه‌كی زۆر هه‌یه هۆكاری كوشتنه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و گه‌نجه ره‌گه‌زه‌كه‌ی خۆی له (كوڕه‌وه بۆ كچ) گۆڕیوه، به‌ڵام تا لێكۆڵینه‌وه‌كان كۆتایی نه‌هێن ناتوانین بڕیار له‌وباره‌یه‌وه بده‌ین و ته‌رمی قوربانییه‌كه‌ش گوازراوه‌ته‌وه بۆ پزیشكی داد و له لایه‌نی پزیشكی داده‌وه ئه‌وه پشتڕاست ده‌كرێته‌وه ئاخۆ ره‌گه‌زه‌كه‌ی گۆڕیوه یان نا.
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی گه‌یشتنیان به تۆمه‌تباره‌كه، هێمن سلێمان گوتی: ئێمه ژوورێكی تایبه‌تمان به ناوی (ئینته‌ر پول) هه‌یه و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تۆڕی گه‌وره‌ی پۆلیسی جیهانه‌وه هه‌یه و له‌ڕێگه‌یه‌وه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ پۆلیسی ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه هه‌یه، كه له تۆڕه‌كه‌دا به‌شدارن و ناوی تۆمه‌تباره‌كه له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه بڵاوده‌كه‌ینه‌وه و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ستگیر ده‌كرێت و سزای یاسایی خۆی وه‌رده‌گرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: تا ئێستا ئاگاداری بوونی هیچ سكاڵایه‌كی یاسایی له دژی گه‌نجه قوربانییه‌كه نه‌بووینه.
H.B