جەعفەری: عێراق پێویستی بە ھاوكاری ھێزی قودسی ئێرانی و قاسم سولەیمانی ھەیە

ناکرێت ئەمریکا بۆچوونی خۆی بەسەر حکوومەتی عێراقدا بسەپێنێت

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، عێراق پێویستی بە ھاوکاری سەربازی ئێران و فەرماندەی ھێزی قودسی پاسدارانی ئێران قاسم سولەیمانی ھەیە.

لە دیمانەیەكدا لەگەڵ کەناڵێکی عێراقی، ئیبراھیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاشکرای کرد کە ناکرێت ئەمریکا بۆچوونی خۆی بەسەر حکوومەتی عێراقدا بسەپێنێت، دەڵێ بەغدا ھەماھەنگییەکی بەھێزی لەگەڵ وڵاتانی ئێران، سووریا و رووسیا ھەیە بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکراشی دەکات کە حکوومەتی بەغدا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی، سەرەڕای ئەوەی تۆمەتبار کراون بە ئەشکەنجەدانی دانیشتوانی سڤیلی شارۆچکەی فەللوجە.

جەعفەری گوتیشی، ئەو ھێزانە رۆڵێکی گرنگیان ھەبووە لە پاشەکشێپێکردنی داعش لە عێراق.