نێچیرڤان بارزانی: جەخت لە پابەندی خۆمان بۆ لەنێوبردنی تیرۆر دەکەینەوە

"کردەیەکی دادپەروەرییە بۆ قوربانیانی تاوانەکانی ژێر ده‌ستی داعش"
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگه‌یاند، ''کوژرانی ئەبو ئیبراهیم قورەیشی گورزێکی کوشندەیە بۆ سەرکردایەتی داعش و کردەیەکی دادپەروەرییە بۆ قوربانیانی تاوانەکانی دەستی ئەو گروپە تیرۆرستییە".

نێچیرڤان بارزانی، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، جەخت لە هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا دەکاتەوە و گوتی: "ستایشی ئەمه‌ریکای هاوبەشمان بۆ سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنەکانیان دەکەینەوە و جەخت لە پابەندی خۆمان بۆ شەڕکردن و لەنێوبردنی تیرۆر دەکەینەوە".

دوێنێ 3ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2022، كۆشكی سپیی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، "هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ فه‌رمانی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ توانییان ئۆپراسیۆنێكی دژه‌ تیرۆری سه‌ركه‌وتووانه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كان، له‌ باكووری رۆژئاوای سووریا ئه‌نجام بده‌ن و وایانكرد جیهان زیاتر ئارام بێت و بووه‌ هۆی كوژرانی كه‌سی یه‌كه‌می ناو رێكخراوی داعش".