لە هەولێر گەنجێک کوژرا و پێشمەرگەیەک بریندار بوو

شوفێرێک خۆی کێشاوە بە گەنجێک و هەڵاتووە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

لە گوندێکی دەوروبەری هەولێر، کەسێک بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دەکێشێت بە گەنجێک و گیانی لەدەستداوە و شوفێرەکە هەڵاتووە، دوای گەیاندنی تەرمەکە بۆ نەخۆشخانە کەسوکاری گەنجەکە بەلێشاو روو دەکەنە نەخۆشخانە، هێزەکانی زێرەڤانی کە پاسەوانی نەخۆشخانەکە دەکەن، رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵغی دەکەن، لە ئەنجامی دەمەقاڵە لەگەڵ کەسوکاوری گەنجە کوژراوەکە پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی بریندار دەبێت.

بەگوێرەی روونکردنەوەی پۆلیسی هەولێر، شەوی رابردوو لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە گوندی (گەزنە)ی سەر بە ناحیەی بەحرکە روویداوە، دەستبەجێ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە شوفێرێک بە ئۆتۆمبێلێکی (تۆیۆتا لاندگرۆزەر) رەنگی سپی، خۆی بە کەسێک بە ناوی (ئەبوبەکر شوان عەزیز) تەمەن (18 ساڵ)دا کێشاوە و گیانی لەدەستداوە، کە دواتر شوفێرەکە هەڵدێت.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەداوە: "دوای ئەوەی دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی (ئیمێرجنسی) خانەوادەی گەنجەکە لەگەڵ هێزەکانی زێرەڤانی کە پاسەوانی نەخۆشخانەکەن، دەمەقاڵی دروست دەبێت، بۆیە خانەوادەی گەنجەکە دەیانەوێت حەرەمی نەخۆشخانەکە ببەزێنن و بەلێشاو بچنە ژوورەوە، لە ئەنجامدا پاسەوانەکانی زێرەڤانی رێگری دەکەن و پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی بریندار دەبێت".

لە راگەیەندراوی پۆلیسی هەولێر ئاشکرا کراوە "سەبارەت بە شوفێری ئۆتۆمبێلەکە، کە گەنجەکەی کوشتووە، ئێستا لە ژێر چنگی یاسایە و لە لێکۆڵینەوەدایە".