هنداوی: دوو هۆکار رێگرن بۆ سەرژمێری گشتی عێراق

"لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکی باشمان هەیە"
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق تایبەت رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا وادەیەکی دیارکراو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی عێراق دیارنەکراوە، هۆکارەکەشی پەیوەندی بە تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت و پەتای کۆرۆناوە هەیە.

عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی سەرژمێری گشتی و نیشتەجێبوون لە عێراق بۆ ساڵی 2022، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەش لە چەند پارێزگایەکدا چەند تاقیگەیەکی مەیدانی دانراوە، لە نێویاندا لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە، کەربەللا و ئەنبار، لە هەرێمی کوردستانیش لە هەولێر و دهۆک دانراوە".

گوتیشی: "مەبەست لەوە کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاستەنگی و ئالنگارییانەیە، کە رەنگە لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتی بێنە پێش، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دیار نەکراوە، چونکە چەند داواکارییەک هەن دەبێت جێبەجێ بکرێن، لەوانە تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەتە بە پرۆسەکە، کە دەبێت لە بودجەی گشتی 2022 جێگری بکرێت، هۆکاری دووەمیش پەیوەستە بە پەتای کۆرۆنا، کە بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری لە سەر تەواوی لایەنەکان هەیە".

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، راشیگەیاند: "لەگەڵ برایانمان لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکی باشمان هەیە، ئەوان لە هەموو ئەو کارو چالاکیانە بەشدارن، کە بۆ ئامادەکارییەکانی سەرژمێری گشتی دەکرێن".