وەزارەتی کارەبا کاتی زیادکردنەوەی ئەمپێری کارەبای راگەیاند

چەند بڕیارێکی نوێ لە وەزارەتی کارەباوە
کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا لەکاتی کارکردن - ئەرشیف
کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا لەکاتی کارکردن - ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە مانگی ئادارەوە ئەمپێری کارەبا بۆ هاوبەشان بۆ 40 ئەمپێر زیاد دەکرێتەوە، کە پێشتر بەهۆی خواست لەسەر تۆڕەکان، بۆ 30 ئەمپێر کەمکرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8/2/2022، وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا بۆ تاووتوێکردن و خستنەڕووی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی کارەبا و پڕۆژە و پلانەکانی کۆبووەوە و چەند بڕیارێکیدا.

بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی کارەبا:..

- گۆڕانکاریی لە هەندێ پۆست و بەرپرسیارێتی کران.

- بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی نوێی سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە دەبەسترێنەوە.

- لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، (40) ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە.

- کار بە سیستمی ئەلیکترۆنی و  ماڵپەڕی پسولە (pswla.com) دەکرێت و لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێت.

- پێویستە تەواوی هاوبەشانی کارەبا، پێوەری زیرەکیان هەبێت. لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک (1,480,000) هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا بۆ (1,800,000) هاوبەش بەرزبووەتەوە.

- بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران. بۆ ئەم مەبەستە سیستەمی پێوەری زیرەک، سەرجەم سەرپێچیەکانی دیاری کردووە.