عێراق گاز لە قەتەر هاوردە دەکات

قەتەر ئامادەیی بۆ هەناردەکردنی گاز نیشانداوە
کێڵگوەیەکی بەرهەمهێنانی گاز لە بەسرە - فۆتۆ: AFP - ئەرشیف
کێڵگوەیەکی بەرهەمهێنانی گاز لە بەسرە - فۆتۆ: AFP - ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەزیری کارەبای عێراق لەگەڵ سەعد شرەیدە وەزیری نەوت و وزەی قەتەڕی کۆبووەوە. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ئەگەری هاوردەکردنی گاز بوو لە قەتەرەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراق، عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق لە میانی سەردانی بۆ قەتەر لەگەڵ وەزیری نەوتی وڵاتەکە کۆبووەوە، تاوتوێی هاوردەکردنی گازی قەتەریان کرد، تاوەکو کورتهێنانی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە قەتەرەوە دابین بکەن.

هەروەها سەرجەم بابەتەکانی پەیوەست بە لۆجێستی بۆ گواستنەوەی گاز لە بەندەرەکانی قەتەر تاوەکو بەندەرەکانی عێراق تاوتوێ کران.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوای ئەوەی وەزیری کارەبا بە تەواوی دۆخی کارەبای عێراقی روونکردووەتەوە، قەتەر ئامادەیی بۆ هەناردەکردنی گاز نیشانداوە، بۆیە ئەو بابەتە پێویستی بە رێوشێنی خێرا و هەوڵی وەزارەتی نەوت و گواستنەوە هەیە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.