وه‌زاره‌تی كار: هەندێ خاوەنکار و بازرگانی چاوچنۆک بڕیاره‌كانی ئێمه‌یان پێناخۆشە

"هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە پارێزەری مافەکانی کرێکارانین"
كرێكارێك له‌ كاتی كاركردن - فۆتۆ: هێمنی هه‌ینی - كوردستان24
كرێكارێك له‌ كاتی كاركردن - فۆتۆ: هێمنی هه‌ینی - كوردستان24

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشكرای ده‌كات، هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە پارێزەری مافی کرێکارانین، هەندێ خاوەنکار و بازرگانی چاوچنۆک بڕیاره‌كانی ئێمه‌یان پێناخۆشە.

وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئێمەین لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی کرێکارانین، زۆربەی شوێنکارەکان کرێیەکی زۆر کەمتر لەو بڕه‌ دیاریكراوه‌ دەدەنە کرێکاران.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

دوابەدوای زیادکردنی کرێی کرێکاری ناکارامە مانگانە لە 285 هەزار دینارەوە بۆ 350 هەزار دینار و کرێی یەک سەعات کارکردن لە 1500 دینارەوە بۆ 2500 دینار، کۆمەڵێک سایت و پەیجی بێ دایک و باوک کەوتوونەتە چه‌واشەکردنی هاونیشتیمانیانی خۆشەویست و کرێکارانی ئازیز، بۆیە بە پێویستمان زانی بە چەند خاڵێک ئەم چەواشەکاریانە راست بکەینەوە:

1- بە پێی ماددەی 46ـی یاسای ژمارە 71ـی ساڵی 1987  هەموو دوو ساڵ جارێک بە رێکارێکی تایبەت و لە رێگه‌ی لیژنەی تایبەتمەندەوە کرێی کرێکاری ناکارامە دەخەمڵێنرێت و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکرێت بۆ پەسەند کردنی.

2- کرێکاری ناکارامە دەستەواژەیەکی یاساییە بۆ ئەو کرێکارانەی کە هیچ پسپۆڕی و بڕوانامەیەکییان نییە و یەکەم جاریانە کارێک دەکەن، بە واتایەکی دیكه‌ ئەم کرێ زیادکردنە هەموو ئەو کرێکارانە ناگرێتەوە کە شارەزایی و پسپۆڕی تایبەت و کاری قورسی وەک بیناسازی و ئەوانی دیكه‌ دەکەن.

3- پێشتر کرێی مانگانەی کرێکاری ناکارامە 285 هەزار دینار بوو، ئێمە زیادمان کردوە بۆ 350 هەزار دینار بە پێی بەدواداچوونەکانی ئێمە زۆربەی کرێکارانی ناکارامە زۆر کەمتریش لە 285 هەزار دینارییان پێدراوە.

4- پێشتر کرێی یەک کاتژمێری  کاری کرێکاری ناکارامە تەنیا 1500 دینار بوو ئێستا بەرزکراوەتەوە بۆ 2500 دینار.

5- ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەوەی بە سەعات کار بکات کەمتر وەردەگرێت لەوانەی بە مانگانە کار دەکەن، رێک پێچەوانەکەی راستە،  چونکە بە پێی یاسای کار کاتی کارکردنی کرێکاربۆ یەک هەفتە  48 كاتژمێره‌.

6- ئێمەین لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی کرێکارانین، ئاگاداری زۆربەی شوێنکارەکان كه‌ کرێیەکی زۆر کەمتر لەو بڕانەی سەرەوە دەدەنە کرێکار.

7- بە دڵنیاییەوە هەندێ خاوەنکار و بازرگانی چاوچنۆک ئەم بڕیارانەیان پێناخۆشە  هەر ئەوانیشن لەپشت ئەم هەڵمەتەوە، بەڵام هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە پارێزەری مافەکانی کرێکارانین.

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەلایەتی

9ـی شوبات /فێبرایه‌ری 2022