یەکێتی زانایان لەسەر قسەکانی ناسر رەزازی و مامۆستایەکی ئایینی هاتە دەنگ

"ئیدانەی سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و موسڵمانان دەکات"
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ناسر رەزازی
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ناسر رەزازی

K24 - هەولێر:

یەکێتی زانایانی کوردستان قسەکانی هونەرمەند ناسر رەزازی بە سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و موسڵمانان لێکدەداتەوە و بەپێویستی دەزانێت ئەو هونەرمەندە داوای لێبوردن لە موسڵمانان بکات.

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی جیاوازی بیرو باوەڕی ئاینییەوە، ناکۆکی و لێدوانی دژبەیەک لەنێوان هونەرمەندی گۆرانیبێژ ناسر رەزازی و مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی "مەلا ساڵح دەمامە" هەبووە، یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان لەسەر قسەکانی ناسری رەزازی هاتە دەنگ.  

ناسر رەزازی لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام لە وەڵامی رەخنە و قسەکانی ئەو مامۆستا ئایینیەدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "من کە ھەر ھەموو تەمەنم لەپێناو خەڵکی کورد بە ھەموو بەشەکان و ھەر ھەموو زمانێک و مە زھەبە وە تەرخان کرد من کە وەک مرۆڤێك ھاتومەتە سەر زەوی، تا بمێنم رێز بۆ ھەر مەزھەبێک دادەنێم."

ئەو هونەرمەندە لە ڤیدیۆکەیدا دەڵێت "مەلایەكی لەوجۆرە لەدژی من قسە بکات، بۆم نییە بەرگری لەخۆم بکەم؟ ئەمە ئیسلام نییە، ئیسلام دەبێت گۆڕان لەخۆیدا دروست بکات، ئیسلام ئەگەر بێت و ریفۆرم نەکات لەمە خراپتری لێدێت، لەبری ئەوەی بڵێن ئێزیدی و یارسانەکان کەسی ئێمەن، دەڵێن نانی ئەمانە حەرامە و کافرن و مەچنە ماڵیان".

 
 
 
 
 
View this post on Instagram
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

A post shared by Naser Razzazi ناصر رزازی (@naserrazzazi.official)

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی رابردوو هونەرمەندێکی یارسانی کوردستانی رۆژهەڵات لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی سوکایەکی بەرامبەر پیرۆزییەکانی ئیسلام بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە هەستی موسڵمانانی بریندار کرد.

لە راگەیەندراوەکەی یەکێتی زانایان باس لەوە کراوە، کە "ئیدانەی ئەو سوکایەتیانە دەکەن و پێیان وایە ئەم جۆرە کارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و پێویستی بە داوای لێبوردن لە موسڵمانان هەیە، خەڵک بۆ خۆی ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام ئازاد نییە لەوەی سوکایەتی بە ئایینی ئیسلام بکات، ناکرێت رێگە بەوە بدرێت ئەو پێکەوەژیانەی هەیە لەبار بچێت و ئاشتی کۆمەڵگە بشێوێندرێت."

لە راگەیەنەدراوەکەی یەکێتی زانایاندا هاتووە، کە چاوەڕوان بوون سەندیکای هونەرمەندان لەبەیاننامەکەیاندا ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارانەیان کردبوایە، کە بۆتە هۆکاری برینداربوونی هەستی موسڵمانان، لەهەمان کات ئەرکی داواکاری گشتییە رۆڵی خۆی ببینێت و لەو حاڵەتانە بێتە دەنگ بە ئەرکی پێویست هەڵبستێت.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سوپاسی هەڵوێستی زانایانی کوردستانی رۆژهەڵات بەتایبەت شاری پاوە دەکەن، کە بە "پەیامی حەکیمانە و لە پێناو دامرکاندنەوەی دۆخی بەرهەمهاتووی ئەم رووداوە نەخوازراوە، رەنج و ماندوو بوونیان کێشاو لە ئاستی پێویست هەڵویستیان وەرگرت".