منداڵه رفێندراوه‌كه‌ی سووریا ئازادكرا
K24- هه‌ولێر:
دوای نزیكه‌ی 4 مانگ له رفاندنی فه‌واز ئه‌لقوته‌یفان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سی نه‌ناسراوه‌وه، ئه‌مڕۆ به‌رامبه‌ر به 140 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ئازاد كرا و گه‌ڕایه‌وه ناو خێزانه‌كه‌ی.
میدیاكانی سه‌ر به حكومه‌تی سووریا له‌سه‌ر زاری باوكی فه‌واز رایگه‌یاند، دوای راده‌ستكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی رفێنه‌ران به‌رامبه‌ر ئازادكردنی كوڕه‌كه‌یان داوا كردبوو، رفێنه‌ران منداڵه‌كه‌یان له ده‌رمانخانه‌یه‌كی شاری نه‌وا جێهێشت، دواتر ئه‌وان چوون كوڕه‌كه‌یان وه‌رگرته‌وه و گه‌ڕاندیانه‌وه ناو خێزانه‌كه‌ی.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیش بوو، میدیاكان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سووریا به‌رده‌وام بڵاویانده‌كرده‌وه، كه ئه‌و بڕه پاره‌یه ئاماده‌كراوه كه رفێنه‌ران داوایانكردووه، به‌ڵام گرووپه‌كه تا ئێستا نه‌هاتوونه‌ته سه‌ر خه‌ت بۆ وه‌رگرتنی پاره‌كه و ئازادكردنی فه‌واز.
به‌ر له 4 مانگ، كاتێك فه‌واز ئه‌لقوته‌یفان له‌گه‌ڵ خوشك و براكانی له شاری ده‌رعا به‌ره‌و قوتابخانه له رێگه بوو، له‌لایه‌ن گرووپێكی نه‌ناسراوه‌وه رفێندرا و، دواتر ئه‌وانه‌ی فه‌وازیان رفاند، په‌یوه‌ندییان به خانه‌واده‌كه‌یه‌وه كرد و داوایان له كه‌سوكاره‌كه‌ی كرد، به‌رامبه‌ر به 500 ملیۆنی سووری كوڕه‌كه‌یان ئازاد ده‌كه‌ن، كه ده‌كاته 140 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی. دوای ئه‌وه‌ی پاره‌كه‌یان راده‌ستی رفێنه‌ران كرد، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ منداڵه‌كه به خانه‌واده‌كه‌ی شاد بووه‌وه.
H.B