جەنگی سێیەمی جیهانی بەمجۆرە روودەدات

سیناریۆی جەنگی سێیەمی جیهانی..
سەربازە ئۆکرانییەکان لەسەر هێڵی پێشەوە لە شارۆچکەی زۆلۆت سەنگەر دروست دەکەن
سەربازە ئۆکرانییەکان لەسەر هێڵی پێشەوە لە شارۆچکەی زۆلۆت سەنگەر دروست دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

تا دێت ئەگەری داگیركردنی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ و هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی بەهێزتر دەبن، لەهەمانکاتدا زۆرینەی حکومەتەکان داوا لە دیپلۆماتکار و هاووڵاتییەکانیان دەکەن ئۆکرانیا بەجێبهێڵن.

سەرۆکی پێشووی فەرماندەی جەنگی ئاسمانی، جەنەراڵ هێربێرت کارلیسلی لە بارەی جەنگەکەوە دەڵێت "ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لەگەڵ رووسیا بچنە جەنگەوە سەرەتا رووبەڕووی هێرشی سایبەری (هاککردنی سیستمەکان) و پێدانی زانیاری هەڵە و هێزکانی پارتە هاوپەیمانەکانی رووسیا دەبنەوە."

ئەو جەنەراڵە گوتیشی: بە ئەگەری زۆرەوە جەنگەکە دوای ماوەیەک لە دروستبوونی گرژی، ئاڵۆزی و ئاگادارکردنەوەی یەکدی دەستپێدەکات، کە ئەمەش کاتی تەواو دەداتە ئەمریکا بۆ ناردنی فڕۆکەی زیاتر و ئامادەکردنی لۆجستی و زیادکردنی توانای شەڕ لە ئەوروپا.

دیمه‌نی ئاماده‌كارییه‌ سه‌ربازییه‌كان و ئه‌گه‌ری هه‌ڵایسانی شه‌ڕ له‌ نێوان رووسیا و ئۆكرانیادا
دیمه‌نی ئاماده‌كارییه‌ سه‌ربازییه‌كان و ئه‌گه‌ری هه‌ڵایسانی شه‌ڕ له‌ نێوان رووسیا و ئۆكرانیادا

سەرەڕای ئەمانە، رووسیەکان دەتوانن لەپێش ئەمەریکاوە دەستپێشخەری بکەن و خێراتر جووڵە بەهێزەکانیان بکەن، کە ئەمەش زیانێکی گەورە لە ئەمەریکیەکان دەدات، لەگەڵ ئەمانەشدا لەکارخستنی بەرگری ئاسمانی رووسیا، گرنگترین و سەرەکیترین ئەرکی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا دەبێت.

لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی شەڕدا، تانک و بۆمبهاوێژە رووسیەکان دەچنە وڵاتانی باڵتیکەوە، فڕۆکەی هێزی ئاسمانی لە بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیاوە دەگەنە وڵاتانی باڵتیک و هەوڵی لەناوبردنی سیستمی بەرگری پێشکەوتووی رووسیا دەدەن.

لەم جەنگەدا، سەربازانی هێزی ئاسمانی دڕندانەترین جەنگی ئاسمانی لە چەند دەیەی رابردوودا دەبینن.

ئه‌ندامێكی هێزی ئاسمانی له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ناتۆ
ئه‌ندامێكی هێزی ئاسمانی له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ناتۆ

- گەیشتنی سوپا

تیمی جەنگی لیوای 173ـی ئاسمانی لە ئیتاڵیا، دووەم فەوجی کاڤالاری لە ئەڵمانیا دەچنە پاڵ هێزەکانی ناتۆ بۆئەوەی پێشڕەوی شەڕەکە بکەن.

لەبەرامبەردا ناتۆ رووبەڕووی مانۆڕی جەنگی "22 battalions"ـی رووسیا کە لە ناوچەی سەربازی رۆژئاوای خۆی بە درێژایی سنووری ناتۆ هەیەتی دەبێتەوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، هێزەکانی رووسیا بۆ پرۆسەی داگیرکردنی تالین پایتەختی ئیستۆنیا و "ریگا" پایتەختی لاتیڤیا، 36 بۆ 60 کاتژمێریان پێدەچێت.

دەزگای توێژینەوەی قازانجنەویستی ئەمەریکی "RAND" لە توێژینەوەیەکیاندا لە ساڵی 2016 لەبارەی هەڵوەشاندەوەی رووسیا دەڵێن "بە جێگیرکردنی هێزێكی وەك یەکەی پیادەی سەربە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە هەردوو شاری تالین و ریگا، لە شەڕی ناو شارەکاندا ناتۆ دەتوانێت بەرگریەکی زۆر باش بکات، بەڵام خەرجی دابینکردنی بەرگریەکی لەمجۆرە لەسەر شارەکان زۆر دەکەوێت."

تالین پایتەختی ئیستۆنیا
تالین پایتەختی ئیستۆنیا

بە گوێرەی راپۆرتێکی دەزگایی میدیایی "Politico"، پەیوەندیکردن لەرێگەی مانگە دەستکردەکانەوە لەکاردەخرێن و هێزەکان ناچار دەبن لە رێگەی فریکوێنسی بەرزی رادیۆوە پەیوەندی بەیەکەوە بکەن، هەروەها پشتیوانی بەرگری ئاسمانی و یەکەی جەنگی ئەلکترۆنی بۆ لیواکان سنووردار دەبن.  

هێزەکانی ناتۆ، بەتایبەتی لیوای زرێپۆش لە پۆڵەندا، دەبێت لە رێڕەوی کالینینگراد بپەڕنەوە، کە دەکەوێتە نێوان ئەو شوێنەی سنووری پۆڵەندا بە لیتوانیا دەبەستێتەوە و لە هەر لایەکەوە لەلایەن خاکی رووسیا و بیلاروسەوە جیادەبێتەوە.

هاوکات رووسەکان دەتوانن بەڵێنەکانی پێشوویان جێبەجێ بکەن بۆ هێرشکردنە سەر سیستمەکانی بەرگری مووشەکی پۆڵەندا.

شارەزایان دەڵێن "داگیرکاری زیادەی رووسیا لە شوێنە بچووک و لاوەکیەکانی وڵاتانی بەڵتیکدا رەنگە کاردانەوەی ناتۆی لێنەکەوێتەوە، بەڵام هێرشکردنە سەر پۆڵەندا بە دڵنیایەوە وەڵامدانەوەی ناتۆی بەدوادا دێت."

دوو تیمی شەڕکەری لیوای زرێپۆشی سوپای ئەمەریکا کە ئێستا لە ئەوروپان زوو دەچنە ریزی پێشەوەی جەنگەکە بەڵام بە خێرایی لەناودەبرێن.

گەیشتنی هێزە تایبەتەکەی ئەمەریکا بۆ پۆڵەندا
گەیشتنی هێزە تایبەتەکەی ئەمەریکا بۆ پۆڵەندا

عەقیدی خانەنشین، دۆگ ماکگریگۆر لەبارەی جۆری چەکەکانی تیمی شەڕکەری لیوای زرێپۆشی ئەمەریکی لە ئەوروپا دەڵێت "تۆپهاوێژی 30 ملیمەتر بۆ سەر سنوورەکانی مەکسیک باشە، بەڵام ئەو چەکانە بەرگەی 10 خولەکی رووسیەکان دەگرن و دواتر لەناودەچن."

جەنەراڵی خانەنشین، رۆبێرت سکەیڵ لەبارەی هێرشەکانی رووسیاوە گوتی "هێرشی رووسەکان هێندە خێرا و بەهێز دەبێت، هاوشێوەی ئەوەی لە کرێمیا روویدا، ناتۆ ناچار دەبێت دان بەوەدا بنێت کە ئەو ویلایەتانە چیتر لەژێر دەسەڵاتی رووسیادان."

بەهەمانشێوەی رۆبێرت، ریچارد ناش، جەنەراڵی خانەنشینی سوپا و فەرماندەیەکی پێشوو لە بۆسنیا گوتی "وابزانم لێکدانەوەی سیناریۆیەك زۆر ئاسانە کە تێیدا یەکە بچووکەکانی ناتۆ شانبەشانی هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی یەك هێرشدا لەناودەچن."

هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی رووسیا له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا
هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی رووسیا له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا

بە گوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکەی "RAND"، لە سەرەتاکانی جەنگدا ناتۆ دەشکێت و هێزی پیادەی ناتۆ توانای گەڕانەوەی نابێت و لە شوێنی خۆیاندا لەناودەبرێن."

هێزی زەمینی ئەمەریکا بە پشتیوانی هێزی دەریایی و ئاسمانی، رووبەڕووی داگیرکاریەکانی رووسیا دەبێتەوە و بە پشتیوانی ئەوان ناتۆ دەتوانێت بۆ چەندین رۆژ و تەنانەت چەندین هەفتەش بەرگە بگرێت.

توێژینەوەکەی "RAND" باس لەوەش دەکات لەو جەنگەدا "ئەوەی لەکاتی خۆیدا ناگاتە جێ، ئەو جۆرە هێزە زرێپۆشانەن کە توانای رووبەڕووبوونەوەی رووسیایان هەیە و دەتوانن جەنگەکە هاوتەریب بکەن، هێرشەکانیان رابگرن و وەڵامیان بدەنەوە و هێرشی پێچەوانە ئەنجام بدەن."

- لە دەریاوە

لە کاتێکدا هێزی دەریایی ئەتلانتیک خۆی ئامادە دەکات بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکە، شارەزایانی هێزی دەریایی دەڵێن رووسیا و هاوپەیمانەکانی دەتوانن یەکبگرن و بە مانۆڕی سەربازی ئامادەکاریەکانی هێزی دەریایی دوابخەن.  

بە بڕوای جەیمس هۆلمس، پرۆفیسۆر لە کۆلێژی جەنگی دەریایی ئەمەریکا "سوپای وڵاتەکەی بە زەحمەت دەتوانێت هێزە دەریایەکانی لە زەریای هێمن بجوڵینێت بۆئەوەی بۆ شەڕکردن بچنە ئەوروپا، چونکە لە ئەنجامی ئەمکارە هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی ئەمەریکا دەبنە قوربانی."

کەشتیەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا
کەشتیەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا

چین و ئێرانییەکان دەتوانن بەشێکی سەرەکی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ئەوروپای رۆژئاوا بوەستێنن.

جەیمس هۆلمس گوتیشی "ژێردەریاییەکانی رووسیا دەتوانن گەیشتنی پشتیوانی هێزی دەریایی بۆ وڵاتانی بەڵتیک خاو بکەنەوە، لەهەمانکاتدا بەندەرەکانی کرێمیا و سیڤاستۆپۆڵ دەبنە جێگەیەکی گونجاوی رووسیا بۆ رێگریکردن لەبەردەم گەیشتنی چەک لە دەریای رەشەوە، بە کورتی پاراستنی ئەو دوو بەندەرە دەریای رەش دەکاتە دەریاچەیەکی رووسیا."

نەخشەی سنووری نێوان رووسیا - ئۆکرانیا - نیمچە دورگەی کرێمیا (رووسیا ساڵی 2014 داگیری کرد)
نەخشەی سنووری نێوان رووسیا - ئۆکرانیا - نیمچە دورگەی کرێمیا (رووسیا ساڵی 2014 داگیری کرد)

لەسەر لێوارەکان

حکومەتی نەرویج لە ساڵی 2018 رەزامەندی دا لەسەر جێگیرکردنی 300 مارێنز.

کیر گیلز، پسپۆڕی رووسیا لە پەیمانگای "چاتام هاوس" لە لەندەن سەبارەت بە مارێنز و جبەخانەکان لە نەرویج گوتی "لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ رووسیادا، عەمبار و جبەخانەکان توانای دابینکردنی چەک و تەقەمەنی 15 هەزار سەربازیان هەیە بۆ ماوەی 30 رۆژ شەڕکردن، کە لەو کاتەدا مارێنزی زیاتر دەتوانن بچنە وڵاتەکەوە."

گوتیشی "ئێمە نابێت ئەم یەکە بچووکە وەک بەربەستێک لەبەردەم رووسیادا ببینین، بەڵکو ئەمە تەنها بوار بە فروانبوونی سەربازی زیاتر دەدات، لەکاتی پێویستدا."

ئافره‌تێكی مارێنزی ئه‌مه‌ریكا
ئافره‌تێكی مارێنزی ئه‌مه‌ریكا

لەکاتێکدا کە دەکرێت سەربازەکان، مارێنزەکان و چەند ئامادەکاریکەی پێشوەختە لە رێگەی فڕۆکەی سەربازییەوە لە چەند رۆژێك یان چەند هەفتەیەکدا بگەنە وڵاتانی باڵتیک، زرێپۆش و چەکی قورسی دیکە دەتوانرێت بە کەشتیەکان بگوازرێنەوە.

ملمانێکان دەکرێت جەنگەکە دوابخەن یان فراوانی بکەن، ئەمانە هەمووی پەیوەستن بە هەڵوێست و ستراتیجی هێزەکانی ناتۆ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە، دواخستنی جەنەگەکە کات بە رووسیا دەدات بۆ پتەوکردنی بنکەکانی، ئەمەش وا لە ناتۆ دەکات کە هێرش بکاتە سەر یەکێک لە ناوچە لەدەستچووەکان.  

بەرواوردی ئاستی هێز و توانای رووسیا و ئۆکرانیا
بەرواوردی ئاستی هێز و توانای رووسیا و ئۆکرانیا

سەرچاوە: military times