له زاخۆ ئافره‌تێك به ده‌ستی برایه‌كی كوژرا
K24 – هه‌ولێر:
"عه‌یدێ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د" (35 ساڵ)، دایكی چوار منداڵ، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (13ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، به ده‌ستی برایه‌كی له زاخۆ كوژرا.
گوته‌بێژی پۆلیسی زاخۆ، "نه‌هشه‌ت سه‌لمان" بۆ "كوردستان24"، رایگه‌یاند، تاوانه‌كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كاتژمێر (05:30) روویداوه و سه‌ره‌تا "عه‌یدێ" بریندار بووه و فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه و دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی دهۆك به هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه، دوو كاتژمێر دوای برینداربوونی گیانی له‌ده‌ستداوه.
گوتیشی: تاوانه‌كه له گه‌ڕه‌كی "كارێز" له ماڵی ئه‌و ژنه روویداوه.
بۆ بینینی ڤیدیۆی گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه، جۆینی كه‌ناڵی كوردستان24 له تێلیگرام بكه
دوای رووداوه‌كه، بكوژه‌كه خۆی راده‌ستی هێزه‌كانی پۆلیسی زاخۆ كردووه و فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌ركراوه و به بڕیاری دادوه‌ر خراوه‌ته به‌ندیخانه.
وه‌ك ئه‌وه‌ی گوته‌بێژی پۆلیس باسیكرد، تیمی به‌ڵگه‌ی تاوان، لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌شدا گیراوه، كه تاوانه‌كه‌ی پێ ئه‌نجام دراوه.
گوته‌بێژی پۆلیسی زاخۆ، له باره‌ی بوونی مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌وه، پێی وابوو، ئه‌و ده‌مانچه‌یه به نایاسایی هه‌ڵگیراوه و خاوه‌نه‌كه‌ی مۆڵه‌تی نه‌بووه.
به گوێره‌ی به‌دواداچوونی "كوردستان24" بۆ رووداوه‌كه، زانیاری ئه‌وه ده‌ستكه‌وتووه، پێشتر ئه‌و ئافره‌ته و براكه‌ی كێشه‌یان هه‌بووه و كه‌سوكاریان ئاگاداری كێشه‌كان بوونه.
هاوسه‌ری ئه‌و ئافره‌ته وته‌ی وه‌رگیراوه و سكاڵای له‌سه‌ر بكوژی هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌یه.
له ماوه‌ی كه‌متر له پێنج رۆژدا، ئه‌مه دووه‌م رووداوی كوشتنی ژنانه به چه‌ك، دوای ئه‌وه‌ی رۆژی (9ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، ژنێك به ناوی "سه‌روین خورشید" له سه‌ر شه‌قامێكی سه‌ره‌كی كۆیه درایه به‌ر ده‌ستڕێژ و به (17) فیشه‌ك كوژرا و تا ئێستا كه‌س ئاماده نییه ته‌رمه‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه.