بەهای دۆلار دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات

لەسەر بەهای دۆلار هەڕەشەی دوورخستنەوە لە وەزیری دارایی عێراق دەکرێت

K24 – بەغدا

بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، دەبێتە خاڵێکی دیکەی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتکردنی لەبارەی بەهای دۆلار بۆ پەرلەمان رەتدەکاتەوە،و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی رەوتی سەدریش هەڕەشەی دوورخستنەوەی دەکەن لە پۆستەکەی.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە بازاڕی دراو لە عێراق شێواوە و بەهای دراوەکان ناجێگیرەو کاریگەری نەرێنی دروستکردووە.

دوای تویتەکەی سەدر، حاکم زاملی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بانگهیشتی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق و مستەفا خالب پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد، کە کاتژمێر 11ی ئەمڕۆ لە پەرلەمان ئامادەبن، بەڵام عەلی عەلاوی لە نامەیەکدا وەڵامێکی توندی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە و رایگەیاند، قبووڵی ناکەن ئەوان شوێنکەوتەی رەوتێکی سیاسی بن، رەتیکردەوە کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن.

راشیگەیاند، بەهای دۆلار جێگیرە و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستوەردان لەو بابەتە بکەن، بەڵکو ئەمە کاری وەزارەتی دارایی و حکومەتە.

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق

ئەم گوتانەی عەلی عەلاوی لەلایەن سەدرییەکان کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر، وەڵامی عەلی عەلاویان داوەتەوە و دەڵێن، ئەگەر لە کۆبوونەوەکە ئامادە نەبێت، واژۆ کۆدەکەنەوە و دواتر لە پۆستەکەی دووری دەخەنەوە.

تویتەکەی موقتەدا سەدر، جگە لەوەی وەڵام و وەڵامدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکات بووە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەکان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، مستەفا خالب، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ئامادە دەبێت، سەبارەت بە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار.

لە 20/12/2021، بانكی ناوەندی عێراق بە نووسراوی فەرمی بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دیاركرد، كە بۆ هەر دۆلارێك بەمشێوەیە بێت.

1450 نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی

1460 نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان لەڕێگەی زیادکردنی فەرمی.

1470 نرخی فرۆشتنی لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان بە هاووڵاتییان.

دوای ساڵێک لە دیارکردنی بەهای دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق، بەڵام تائێستا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بازاڕەکانی عێراق ناجێگیرە.