سهرۆكی ئۆكرانیا له میونشنهوه داوای دیدار لهگهڵ هاوتا رووسییهكهی دهكات
K24- ههولێر:
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دۆخی زۆر ئاڵۆزی وڵاتەکەی بەجێهێشتووە و لە کۆنفرانسی ئاسایی میونشنە. کاتێك لێی دەپرسن بۆ لە میونشنی؟ دەڵێت: هاتووم بە هەموو جیهان بڵێم ئێمە شەڕمان ناوێت. داوا لە دۆست و هاوبەشەکانمان لە ئەوروپا و ئەمهریکا و ناتۆ بکەم واز لە سیاسەتی بێزارکردنی رووسیا بهێنن. زێلێنسکی هەر لە میونشنەوە داوای کۆبوونەوە لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا دەکات.
قەیرانی ئۆکرانیا و مەترسیەکانی داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن رووسیاوە باڵی بەسەر گفتوگۆکانی 58ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا کێشاوە.
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند: ئامانجی ئەم کۆنفرانسە کۆکردنەوەی پشتگیری و پشتیوانی نێودەوڵەتیە بۆ ئۆکرانیا.
جۆنسن گوتی: "ئەگەر ئۆکرانیا داگیر بکرێت، وێرانبوونی وڵاتێکی دیموکرات و ئازاد دەبینین، کە چەند نەوەیەك لە سایەی ئازادیدا گەورەبوون و مێژووییەکی پڕ شانازیی لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە. ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکرێت، شۆکی سیاسی و ئابووریی هەموو جیهان دەگرێتەوە و ئەم داگیرکاریە دەگاتە رۆژهەڵاتی ئاسیا و تایوانیش."
لهكاتێكیشدا ئەمهریکا بەردەوامە لە هۆشدارییەکانی و دڵنیایی دەدات، لەوەی رووسیا هەموو ئامادەکارییەکی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی سەپاندنی سزایەکی توند و وێرانکەر بەسەر رووسیادا دەکات لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا.
لهو بارهیهوه كامالا هاریس، جێگری سهرۆكی ئهمهریكا له گوتهیهكدا له میانهی بهشداریكردنی له كۆنفرانسی میونشن دووپاتیكردهوه، "روسیا بەردەوامە لە بانگەشەکانی و دەڵێت: ئامادەم بۆ گفتوگۆ، لە کاتێکدا بەردەوام دەرفەتەکانی بەردەم دیپلۆماسیهت بهرتهستك دهكاتهوه. قسە و کردارەکانی یەکناگرنەوە. با بەڕوونی و زۆر بە دڵنیاییەوە پێتان بڵێم: ئەگەر رووسیا ئۆکرانیا داگیر بکات، لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان سزایەکی ئابووری قورس بەسەر رووسیادا دەسەپێنین، کە هاوشێوەی نەبووبێت و زیانێکی زۆر بە رووسیا دەگەێنێت."
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دۆخی زۆر ئاڵۆزی وڵاتەکەی بەجێهێشتووە و لە میونشنە، ئهو دەڵێت: شەڕمان ناوێت و بۆ ئاشتی هاتووم. لە میونشنەوە پێشنیازی کۆبوونەوە لەگەڵ پوتن دەگەێنێتە کریملن.
زێلێنسکی گوتی: "ئۆکرانیا لەبەرامبەر وازهێنانی لە سێیەم گەورەترین چەکی ئەتۆمی گهرەنتی ئاسایشی پێدرا. ئێستا ئێمە نە چەکی ئەتۆمیمان هەیە نە ئاسایش. ئیتر مافی خۆمانە داوا بکەین سیاسەتی بێزارکردن و توڕەکردن بگۆڕن بە سیاسەتی دڵنیاییدان بە ئاسایش و ئاشتی. ئۆکرانیا کاتێکی دیاریکراوی دەوێت، بۆ ئەوەی بزانێت کەی دەتوانێت ببێتە ئەندامی ناتۆ. نازانم سەرۆکی رووسیا چیی دەوێت! بۆیە پێشنیاز دەکەم یەکتر ببینین."
هەرچەندە تا دێت دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و زێلێنسکی هەر لە میونشن کوژرانی دووەم سەربازی وڵاتەکەی راگەیاند، بەڵام بەپێچەوانەی سەرکردەی وڵاتانی ئەمهریکا، ئەوروپا و ناتۆ لە قسەکانیدا ئەوە دەخوێنرێتەوە، هێشتا هیوایەك ماوە بۆ ئاشتی و چارەسەری قەیرانەکە بە گفتوگۆ.