كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مه‌درید

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس

ئاتڵێتیکۆ مەدرید لە یاری چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ سبه‌ی شه‌و له‌ كاتژمێر 11:00 رووبەڕووی مانچێستەر یونایتد دەبێتەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کاروانی وەرزشی زۆرترین گۆڵی لە ئاتڵێتیکۆ کردووە، دوای چوار ساڵ دەگەڕێتەوە مەدرید و ئەمجارەیان بە درێسی شەیتانە سوورەکان رووبەڕووی یانە دڵخوازەکەی دەبێتەوە.

كریستیانۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مه‌درید

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای چوار ساڵ دەگەرێتەوە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، ئەمجارەیان بە درێسی مانچێستەر یونایتد لە یاریگای واندامیترۆ پۆلیتانۆ رووبەڕووی ئاتڵێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە، ئەو یانەیەی کە دۆن زۆرترین گۆڵی لە کاروانی وەرزشی دژیان تۆمار کردووە.

مان یونایتد بۆ جاری یەکەم لە مێژووی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ئاتڵێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە، هەرچەندە شەیتانە سوورەکان پێشتر لە پاڵەوانتییەکە 40 یارییان بەرامبەر یانە ئیسپانیەکان کردووە و 10 بردنەوە و 13 دۆرانیان هەیە و ئامارەکانیان دەرخەری ئەوەن کە ئەرکیان بەرامبەر یانە ئیسپانیەکان قورسە.

راننیك راهێنه‌ری مان یونایتد: ئاتڵێتیكۆ هه‌میشه‌ ده‌جه‌نگێت

'' ئاتڵێتیکۆ مەدرید لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنێ توانیویەتی ناسناوی جیاواز بەدەست بێنێت، ئەوان لەگەڵ راهێنەرەکەیان شێوازێکی تایبەتی یاریکردنیان هەیە، ئاتلێتیکۆ هەمیشە بۆ بردنەوە دەجەنگێت و ئەوەش نیشانەی کەسایەتی راهێنەرەکەیانە. ئێمە پێویستە بەهێزێکی زۆرەوە بۆ ئەم یارییە ئامادەبین، لەبەر ئەوەی چاوەڕێ دەکەم هەردوو یارییەکە فیزیکی بێت و یارییەکی قورس بێت بۆ هەردوولا''

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەکەی شەیتانە سوورەکان پێشتر لە چامپیۆنزلیگ 10 جار رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید بووەتەوە و لەم 10 یارییە 7 گۆڵی لە یانە مەدریدیەکە کردووە و بە گشتی دۆن لە کاروانی وەرزشی زۆرترین گۆڵی دژی ئەو یانەیە کردووە کە 25 گۆڵ بووە.

ئاتڵێتیكۆ مه‌درید پێشتر 16 جار رووبه‌ڕووی یانه‌ ئینگلیزییه‌كان بووه‌ته‌وه‌

ئاتڵێتیکۆ مەدرید پاڵەوانی وەرزی رابردووی لالیگا، هەرچەندە ئەم وەرزە ئەوان ئاست و ئەنجامیان وەکو پێویست نەبووە، بەڵام دەیانەوێت لەسەر دەستی یانە ئینگلیزیەکە بۆ قۆناخی چارەکی پێشکۆتایی سەرکەوێت.

لویس سوارێز جارێکی دیکە لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی مانچێستەر یونایتد دەبێتەوە، گۆڵکارە ئۆرگواییەکەی رۆخێ بلانکۆس پێشتر لە چامپیۆنزلیگ دووجار بە درێسی بارسێلۆنا رووبەڕووی مان یو بووەتەوە و نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بکات، هەرچەندە پێشتر لەگەڵ لیڤەرپوول بەرامبەر ئەو یانەیە دوو گۆڵی کردووە.

ئاتلێتیکۆ مەدرید پێشتر 16 جار لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یانە ئینگلیزیەکان بووەتەوە و، لەم 16 یارییە تەنها چوار یارییان بردووەتەوە و لە بەرامبەردا لە شەش یاری دۆڕاون، هەروەها یانە مەدریدییەکە پێشتر دوو جار لەم قۆناخە یارییان لەگەڵ یانە ئینگلیزیەکان کردووە و هەردووجار دەربازی قۆناخی پێشکۆتایی بووە.