وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا: دۆخی دۆنباس ئاڵۆزه و پێویسته به‌رگری له دانیشتوانی بكه‌ین
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند، دۆخی ئه‌منی له هه‌ردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆهانتس تادێت ئاڵۆزتر ده‌بێت و دووپاتیكرده‌وه، پێویسته له‌سه‌رمان به‌رگری له دانیشتوانی ئه‌و دوو ناوچه‌یه بكه‌ین.
نیكۆلاب بانكۆڤ، جێگری وه‌زیری به‌رگری رووسیا له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵ گوتی: دۆخی هه‌ردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆهانتسی میللی به‌ره‌و هه‌ڵچوون ده‌چێت و ژماره‌ی قوربانیانی بێ‌تاوان له زیادبووندایه و له‌م چه‌ند رۆژه‌شدا نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س له دۆنباس ناچاركراون ماڵه‌كانیان جێبهێڵن، له‌ناویان 29 هه‌زار و 865 منداڵ هه‌ن و جه‌ختیكرده‌وه، "پێویسته به‌رگرییان لێ بكه‌ین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی دۆستانه‌ی هاریكاری و ئاڵوگۆڕكردنی هاوكاری له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو كۆماره، رووسیا به‌شداری له پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی ئه‌و دوو "وڵاته"ـه‌دا ده‌كات و هه‌موو رێكارێكی پێویست بۆ له‌ناوبردنی هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئاشتی و پێشێلكردنی ئاشتی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمنان ده‌گرێته‌به‌ر.
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی فیدراڵ داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆكی رووسیای بۆ به‌كارهێنانی هێز له ده‌ره‌وه‌ی خاكی رووسیای فیدراڵ په‌سه‌ندكرد.
شه‌وی رابردوو ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له هه‌نگاوێكی نوێ‌دا له دژی ئۆكرانیا و رۆژئاوا مه‌رسوومی به سه‌ربه‌خۆ ناساندنی هه‌ریه‌ك له ناوچه‌كانی دۆنیتسك و لۆهانتسی واژۆكرد.
له رێوڕه‌سمی واژۆكردنه‌كه‌شدا پوتن دووپاتیكرده‌وه، ئۆكرانیا خاكی رووسیای كۆنه.
H.B