ژووری بازرگانی سلێمانی سوپاسنامەیەک ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکات

"ئەم هەنگاوە بكرێتە بنەمایەك بۆ باجی كۆمپانیا و چالاكییە جۆراو جۆرەكانی تر"
ژووری بازرگانی سلێمانی
ژووری بازرگانی سلێمانی

K24 - هەولێر

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سوپاسنامەیەک ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکات، لە دوای دەرکردنی بڕیاری وەستاندنی باج بەشێوەی هەرەمەکی.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانی رایگەیاند "دوابەدوای بڵاوكردنەوەی پەیامی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر وەستانی وەرگرتنی باج بەشێوەی هەڕەمەكی لە پیشەوەران و خاوەن دووکان و پیشە بچووکەکان،  وەكو ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و رێكخراوەكانی كەرتی تایبەت سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین".

راشیگەیاند: "ئەم هەنگاوە بە چاكسازی و گرنگی پێدانی و بوژاندنەوەی كەرتی تایبەت دەزانین، ئەم بڕیارە خواست و داواكاری كەرتی تایبەتە و لەچەندین كۆڕو كۆبوونەوەدا بە یاداشت و راپۆرت ئەم داوایەمان پێشكەشی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە".

سەرۆکی ژووری بازرگانی لە بەشێکی تری قسەکانیدا، هیواخوازە لیژنەیەكی تایبەت بە نوێنەرایەتی ژوورە بازرگانییەكان پێك بهێندرێت بۆ داڕشتنەوەی مەرجی زانستی بۆ وەرگرتنی باج، لە پیشەوەران بەجۆرێك پشگیری حكومەت بۆ ئەو پیشانە لەبەرچاو بگیرێت.

داواشیکرد، ئەم هەنگاوە بكرێتە بنەمایەك بۆ باجی كۆمپانیا و چالاكییە جۆراو جۆرەكانی تر، كە باج لەسەر پوختەی قازانج وەربگیرێت وەك لەیاسا بەركارەكاندا هاتووە.