نرخی نەوت و زێڕ زیاتر بەرزبووەوە

نرخی زێڕ بە رێژەی 2% هەڵکشا
نەوت و زێڕ
نەوت و زێڕ

K24 - هەولێر

دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، نرخی نەوت بۆ یەکەم جار لە دوای 2014ـەوە ئاستی 100 دۆلاری تێپەڕاند و مەترسییەکان لە هەڵکشانە کە ئەو شەڕە درێژە بکێشێت و کێشە بۆ بازاڕی وزە دروست بکات.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 5.6% بۆ 104 دۆلار و 60 سەنت بەرزبووەوە. هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 5% بۆ 97 دۆلار بەرزبووەوە.

بە بیانووی پەلهاویشتنی ناتۆ بۆ بە ئاراستەی رۆژهەڵات و ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی، مۆسکۆ هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند. ئەوەش راستەوخۆ مەترسی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی دروستکردووە. چونکە رووسیا دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان و بەشێکی زۆری هەناردەشی بۆ پاڵاوگەکانی ئەوروپایە، لەهەمانکاتدا گەورەترین هەناردەکاری گازی سروشتییە بۆ ئەوروپا بە شێوەیەک نزیکەی 35%ی گازی ئەوروپا دابین دەکات. بەهۆی هێرشەکانەوە تەنیا ئەمڕۆ نرخی گازی سروشتی لە ئەوروپا 25٪ بەرزبووەوە.

کانزا زەردەکەش زێڕ، راستەوخۆ کاریگەر بوو بە هێرشەکان، نرخی هەر ئۆنسێک زێڕ لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بە رێژەی 2% بۆ سەرووی 1943.86 دۆلار بەرزبووەوە و لە گرێبەستەکانی داهاتووشی بۆ 1949.20 دۆلار بەرزبووەوە.

لە هەمان کاتدا پێنوێنی بۆرسەکانی جیهان شێوان، پێنوێنی MOEXـی رووسی لە بۆرسەی مۆسکۆ بە رێژەی %11 داکەوت. بەهای روبڵی روسیش بەرامبەر دۆلار 9% دابەزی. لە ئەمریکاش پێنوێنی داوجۆنز 600 خاڵ دابەزی و S&P 500 بە 78 خاڵ و ناسداکیش 301 خاڵیان لە دەستدا.

بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکانیش بە گشتی بە رەنگی سوور لە مامەڵەدان و بیتکۆین زیاتر لە 8.46% بۆ ئاستی 34،832 دۆلار دابەزی، بەهەمانشێوە ئیسریۆمیش 12.22% بۆ 2.336 دۆلار دابەزی.