رووسيا: سزاكانى رۆژئاوا زۆر مه‌ترسیدارن
K24- هه‌ولێر:
دیمیتری بیسكۆڤ، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا دووپاتیكرده‌وه، سزاكانی رۆژئاوا زۆر مه‌ترسیدارن و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، مۆسكۆ ئاماده‌كاری پێشوه‌خته‌ی بۆ ئه‌و سزایانه كردووه، به‌ڵام ده‌بێت هه‌وڵه‌كانمان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌و سزایانه چڕ بكه‌ینه‌وه.
بیسكۆڤ له لێداونێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "ئه‌و سزایانه‌ی له ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا وڵاتانی رۆژئاوا به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاندوویانه، زۆر مه‌ترسیدارن. ئێمه ئاماده‌كاری پێشوه‌خته‌مان بۆ ئه‌و سزایانه كردووه".
گوته‌بێژی كریملن ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وڵاته‌كه‌ی رێكاری تایبه‌تی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌كارخستنی كه‌رتی ئابووری گرتووه‌ته‌به‌ر و گوتی: "ئێستا ئێمه پێویستیمان به شرۆڤه و هه‌ماهه‌نگی زیاتره بۆ ئیداره‌دانی دۆخه‌كه. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا رێكاری به‌په‌له بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی ئه‌و سزایانه ده‌گیرێنه‌به‌ر و پێویسته ئاسانكاری ته‌واو بۆ ئه‌دای سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی ئابوورییه‌كه‌مان و سیسته‌می ئابووری وڵاته‌كه‌مان بكه‌ین".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، له ئه‌نجامی داننانی رووسیا به سه‌ربه‌خۆیی هه‌ردوو ناوچه‌ی دۆنیتسك و لۆهانسكی ئۆكرانیا وه‌ك دوو كۆماری سه‌ربه‌خۆ و هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، ژماره‌یه‌ك وڵاتی رۆژئاوا كۆمه‌ڵێك سزای سه‌خت و خنكێنه‌ریان به‌سه‌ر مۆسكۆدا سه‌پاندووه.
بۆ بینینی ڤیدیۆی زیاتری جه‌نگی رووسیا - ئۆكرانیا سه‌یری كه‌ناڵی تیلگرامی كوردستان24 بكه‌ن
H.B