70 فڕۆکەی جەنگی رەوانەی ئۆکرانیا کرا

سێ وڵات فڕۆکەکانیان رەوانە کردووە
کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا - فۆتۆ: AA
کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا - فۆتۆ: AA

K24 – هەولێر

بۆ بەرگریکردن لە ئۆکرانیا، سێ وڵات 70 فڕۆکەی جەنگی رەوانەی ئەو وڵاتە دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی تاس، رایگەیاند، هەر یەک لە بولگاریا، پۆڵەندا و سلۆڤاکیا 70 فڕۆکەی جەنگییان گواستەوە بۆ ئۆکرانیا.

هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێی نایە رۆژی شەشەم، بەگوێرەی سەرچاوەکانیش مۆسکۆ کاروانێکی سەربازیی بە درێژایی 60 کیلۆمەتر بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بەڕێکردووە و تەنیا 25 کیلۆمەتری ماوە بگاتە کیێڤ.

لەلایەکی دیکە دەسەڵاتدارانی کەنەدا رایانگەیاند، دوو فڕۆکەی رووسیایان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان دوورخستووەتەوە.

پێشتر لە 27/2/2022، کەنەدا دژی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بڕیاریدا کە فڕۆکەکانی رووسیا لە ئاسمانی وڵاتەکەی قەدەغە بکات.