ره‌شنووسی كۆتایی رێككه‌وتنی ئێران و شه‌ش وڵاته‌كه ئاماده كرا
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس و ئاگادار له دانووستانه‌كانی دۆسییه‌ی ناووكی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند، ره‌شنووسی كۆتایی رێككه‌وتنی نێوان ئێران و شه‌ش وڵاته‌كه ئاماده‌كراوه و ته‌نیا بابه‌تی ده‌سته‌به‌ری ناووكی نێوان ئێران و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی ماوه.
له (2015)دا ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك (رووسیا، چین، فه‌ره‌نسا، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا + ئه‌ڵمانیا) واژوو كرا، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئیداره‌ی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، "دۆناڵد تره‌مپ"، واشنتن یه‌كلایه‌نه له رێككه‌وتنه‌كه كشایه‌وه و له به‌رامبه‌ریشدا ئێران راده‌ی پابه‌ندییه‌كانی به رێككه‌وتنه‌كه‌وه كه‌مكرده‌وه.
بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه، له سه‌رده‌می ئیداره‌ی "جۆ بایدن"، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له "ڤیه‌ننا" پرۆسه‌ی دانووستانی ناووكی ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه.
رووسیا و چین، سوور بوون له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ناووكی و ئه‌وروپاییه‌كانیش نه‌چوونه ژێر باری هه‌وڵه‌كانی ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا بۆ كشانه‌وه له رێككه‌وتنه‌كه.
له ڤیه‌ننا ئێران راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وروپاییه‌كان و وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له گفتوگۆدایه و ئه‌مه‌ریكاش به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ به‌شداره له دانووستانه‌كان.
"ره‌زا عه‌باسی"، رۆژنامه‌نووسی نزیك له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند، "ره‌شنووسی رێككه‌وتنی كۆتایی ڤیه‌ننا ئاماده‌كراوه".
"عه‌باسی" له تویته‌ر هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: "ته‌نیا شتێك، كه ماوه‌ته‌وه، پرسی ده‌سته‌به‌ركردنی ناووكیی نێوان ئێران و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكییه".