نێچیرڤان بارزانی: راپەڕین دەربڕی خواست و ئیرادەی پته‌وى گەلی کوردستان بوو له‌پێناو داهاتوويه‌كى باشترى ئازاد

پەیامی نێچيرڤان بارزانى لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

K24 – هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بەبۆنەی یادی راپەڕینی 1991ی گەلی کوردستان رایگەیاند: "راپەڕین دەربڕی خواست و باوەڕ و ئیرادەی پته‌وى گەلی کوردستان بوو له‌پێناو ژیان و داهاتوويه‌كى باشترى ئازاد و سەرفراز و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداريدا".

لە پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووە: "له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پاراستنی ئازادى و ده‌سكه‌وته‌كانى راپه‌ڕين و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیاريه‌تیی هاوبه‌شى هەموو کوردستانيیانە و وەفادارییە بۆ گیانی پاکی شەهیدان و هەموو قوربانیانی رێگای ئازادى".

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ یادی راپەڕین:..

يادى 31 ساڵه‌ى ڕاپەڕینى شكۆدارى ئازاری 1991، به‌ گەرمى لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هه‌موو کوردستانيیان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان پيرۆز دەکەم.

ڕاپەڕین دەربڕی خواست و باوەڕ و ئیرادەی پته‌وى گەلی کوردستان بوو له‌پێناو ژیان و داهاتوويه‌كى باشترى ئازاد و سەرفراز و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداريدا. بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و گه‌ل و جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ڕيو و يه‌كڕيزيى لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بوو.

ڕاپەڕین دەروازەی واڵای گەلی کوردستان بوو بۆ قۆناغی نوێی خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دامەزراوە شەرعی و فەرمیيەکانی هەرێمی کوردستان کە پاش ئازادیی عیراق لە دەستووردا جێگیر کران، لە نێوخۆ و دنیای دەرەوەشدا بە فەرمی ناسران و مامەڵەيان لەگەڵدا دەکرێت.

له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پاراستنی ئازادى و ده‌سكه‌وته‌كانى ڕاپه‌ڕين و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیاريه‌تیی هاوبه‌شى هەموو کوردستانيیانە و وەفادارییە بۆ گیانی پاکی شەهیدان و هەموو قوربانیانی ڕێگای ئازادى.

با ئه‌م ياده‌ هانده‌رمان بێت بۆ پته‌وكردنى زياترى گيانى ته‌بايى، پێكه‌وه‌يى، يه‌كڕيزى و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى و كاركردن له‌پێناو ئه‌و ئامانجانه‌دا كه‌ شه‌هيدانى ڕاپه‌ڕين و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان گيانيان له‌سه‌ر دانا.

وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پابه‌نديمان به‌ ئامانجه‌كانى ڕاپه‌ڕينه‌وه‌، به‌ هيوا و ئومێد، به‌ بڕوا و گه‌شبينييه‌وه‌ بۆ داهاتوويه‌كى باشتر ده‌ڕوانين و به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى شه‌هيدانى ڕاپه‌ڕين و ته‌واوى شه‌هيدانى کوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/3/5