ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری ئۆکراینا کوژرا
K24 - مۆسکۆ:
ئاژانسی رییانۆڤەستی رووسی، لە زاری ئەلیکساندەر دوبینسکی پەرلەمانتاری ئۆکرایناوە رایگەیاندووە، کە دێنیس کیرێڤ ئەندامی شاندی ئۆکراینا لە یەکەمین گەڕی گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراوە.
ئەگەرچی تائێستا ھیچ دەزگایەکی فەرمی ئۆکراینا کوشتنەکەی پشتراست نەکردووەتەوە، بەڵام دوبینسکی پەرلەمانتاری ئۆکراینا رایگەیاندووە، کە دێنیس کیرێڤی ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئۆکراینا، بەتۆمەتی خیانەتکردن لە حکومەت کوژراوە.
بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە کریملن، دێنیس کیرێڤ بە گومانی خیانەتکردن لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئۆکرانی "SBU" کوژراوە.
دێنیس کیرێڤ پسپۆڕی بواری بانک و ئابووری بووە و ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئۆکرانیا بوو لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکان.