سیروانی نوێ پێیوایه به ئه‌نقه‌ست زوڵمیان لێده‌كرێت
یانه‌ی سیروانی نوێ پێیوایه فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان زوڵم له‌و یانه‌یه ده‌كات به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاریگه‌ی زانكۆی بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یانه‌ی نه‌ورۆز و سیروانی نوێ له قۆناخی پێشكۆتایی جامی هه‌رێم ده‌ستنیشان كردووه، فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانیش له رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه وه‌ڵامی یانه‌ی سیروانی نوێ ده‌داته‌وه.
جامی تۆپی پێی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته قۆناخی پێشكۆتایی، له‌و قۆناخه‌دا یانه‌كانی هه‌ندرێن و برایه‌تی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یانه‌ی سیروانی نوێش له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له دێربی شاری سلێمانی ده‌بێته میوانی یانه‌ی نه‌ورۆز و یارییه‌كه له‌سه‌ر یاریگه‌ی زانكۆی تایبه‌ت به یانه‌ی نه‌ورۆز ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش گله‌یی و ناڕازیبوونی كارگێری یانه‌ی سیروانی نوێی به‌دوای خۆیدا هێنا.
سیروانی نوێیه پێیوایه به ئه‌نقه‌ست زوڵمیان لێ ده‌كرێت
بڕیار عه‌باس به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی سیروانی نوێ له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند كه فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان سه‌رپێچی ڕێنماییه‌كانی خۆی كردووه و ده‌شڵێت: ده‌بوو سیروانی نوێ له قۆناخی پێشكۆتایی جامی هه‌رێمی كوردستان له نێو یاریگه‌ی خۆی یاری كردبا، بۆیه فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خشتانه‌ی كه بڵاویان كردووه‌ته‌وه كاریان كردووه و یاریگه‌ی یانه‌كه‌یان گۆڕیوه و له به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی نه‌ورۆز یاریگه‌ی زانكۆیان ده‌ستنیشان كردووه.
بڕیار عه‌باس ده‌شڵێت: ئێمه وه‌كو یانه‌ی سیروانی نوێ پێمانوایه ده‌ستێك له نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان هه‌یه و به ئه‌نقه‌ست له به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌یه‌ك زوڵم له سیروانی نوێ ده‌كات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان دێته ده‌نگ
عه‌بدولقادر حوسێن ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان و به‌رپرسی هونه‌ری خوله‌كان له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هه‌موو بڕیاره‌كان به‌پێی ڕێنمایی دراون.
له باره‌ی ده‌ستنیشانكردنی یاریگه‌ی زانكۆ بۆ یارییه‌كه‌ی نه‌ورۆز و سیروانی نوێ، عه‌بدولقادر حوسێن به كوردستان24ـی گوت: به‌پێی رێنماییه‌كان، له قۆناخی 16ـی جامی هه‌رێم، هه‌ركاتێك دوویانه له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان بردیانه‌وه و له قۆناخی هه‌شت رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببه‌نه‌وه پێویسته به تیروپشك یاریگه ده‌ستنیشان بكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یانه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد، یانه‌یه‌كیش له نێو یاریگه‌ی خۆی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و گه‌یشته قۆناخی داهاتووی جامی هه‌رێم، پێویسته له كاتی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌یان ئه‌و یانه‌یه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه له یاریی داهاتوو له نێو یاریگه‌ی خۆی یاری بكات.
عه‌بدولقادر حوسێن گوتیشی: له قۆناخی 16ـی جامی هه‌رێم، نه‌ورۆز له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له رانیه‌ی برده‌وه، سیروانی نوێش له نێو یاریگه‌ی خۆی له بابانی برده‌وه و گه‌یشته قۆناخی هه‌شتی جامی هه‌رێم، له‌م كاته‌دا به‌پێی رێنمایی ئه‌و دووبراوه‌یه كاتێك رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌پێی رێنمایی كه چه‌ندان ساڵه كاری پێده‌كرێت ده‌بێت یارییه‌كه له یاریگه‌ی نه‌ورۆز به‌ڕێوه‌بچێت، چونكه یارییه‌كه‌ی قۆناخی 16ـی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بردوویه‌تییه‌وه و بۆ یاریی داهاتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو یاریگه‌ی خۆی.
بڕیاره رۆژی 14ـی ئه‌م مانگه كه ده‌كاته چوارشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو یارییه‌كانی قۆناخی هه‌شتی جامی هه‌رێمی كوردستان له كاتژمێر 3:00ـی ئێواره به‌ڕێوه‌بچن، هه‌ندرێن له یاریگه‌ی خۆی له دێربی هه‌ولێر میوانداریی برایه‌تی ده‌كات، یانه‌ی سیروانی نوێش له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی رووبه‌ڕووی نه‌ورۆزی هاوشاری ده‌بێته‌وه و براوه‌ی ئه‌م دوو یارییه ده‌گاته یاریی كۆتایی جامی هه‌رێمی كوردستان.