"نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت ده‌گاته‌ 300 دۆلار"

"زۆرترین سزا ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر رووسیا بۆ ئه‌وه‌ی زیان به‌ ئابووریان بگه‌یه‌نین"
نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت ده‌گاته‌ 300 دۆلار/ وێنه‌: AFP
نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت ده‌گاته‌ 300 دۆلار/ وێنه‌: AFP

K24 – هه‌ولێر:

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سزای بۆ سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و غازی رووسیا راگه‌یاند، جێگری سه‌رۆكی رووسیا ئه‌م بڕیاره‌ی به‌ كاره‌سات ناوبرد.

بایدن، له‌ گوتارێكی ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌مڕۆ 8ـی ئادار / مارسی 2022 رایگه‌یاند، به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان سزامان خسته‌ سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و غازی رووسیا، ئه‌م بڕیاره‌ لای واشنتن بێ نرخ نییه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین كاریگه‌ری بۆ سه‌ر هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی نه‌بێت.

بایدن روونیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌ ده‌زانێت هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپییه‌كان ناتوانن ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ له‌ رووسیا بۆ وڵاته‌كه‌یان دابین ده‌كه‌ن.

بایدن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، "زۆرترین سزا ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر رووسیا بۆ ئه‌وه‌ی زیان به‌ ئابووریان بگه‌یه‌نین".

پێشتر ئه‌لیكسه‌نده‌ر نۆڤاكو، جێگری سه‌رۆكی رووسیا رایگه‌یاندبوو، سزاكانی واشنتن له‌باره‌ی كه‌رتی وزه‌ و نه‌وت، كاریگه‌ری زۆر خراپی بۆ سه‌ر جیهان ده‌بێت، وا ده‌كات نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت بگاته‌ 300 دۆلار، یاخوود زیاتر.