رووسیا چی لە ئەمەریکا دەوێت؟

راپۆرتێکی هەواڵگری ئەمەریکا زانیاری دەخاتەڕوو
سوپای رووسیا
سوپای رووسیا

K24 – هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتێکی هەواڵگری ئەمەریکا، مۆسکۆ نایەوێت ململانێی راستەوخۆی سەربازیی لەگەڵ واشنتن هەبێت، بەڵکو دەیەوێت وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بگێڕیتەوە ژێر کاریگەری خۆی.

ئەو راپۆرتە کە لەلایەن نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریکا لە سەرەتای مانگی شوباتی 2022، پێش دەستپێکردنی هێرشی سەربازی رووسیا، بۆ سەر ئۆکرانیا نووسراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە "مۆسکۆ وەک هێزێکی کاریگەر و بەرەنگاریەکی گونجاو بۆ ئەمەریکا دەمێنێتەوە، لە نەخشەی گۆڕاو لە ماوەی دەیەی داهاتوودا".

لەو راپۆرتەدا ئەوەخراوەتەڕوو "رووسیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەرژەوەندییەکانی، هەندێک جار رووبەڕووبوونەوە دەبێت، فشار دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەی دەوروبەری".

ئاژانسی هەواڵی فۆکس نیوز، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە "ئەوە گرنگە کە رووسیا نایەوێت ناکۆکی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا هەبێت، بەڵکو بەدوای رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکادا دەگەڕێت، بۆ دەستتێوەردانی هاوبەش لە کاروباری ناوخۆی دوو وڵات".

ئەمە لەکاتێکدایە پێش هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا چەند جارێک جەختی لەوە کردووە، پێکدادانی سەربازی لەنێوان واشتن و مۆسکۆ نابێت، هێزەکانی ئەمەریکا شەڕ لەگەڵ رووسیا ناکەن لە ئۆکرانیا، بەڵام واشنتن هەزاران سەربازی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپای سەر بە ناتۆ بڵاوکردووەتەوە.